بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر قەل و قاز زیادی کردووە

0
502

SNN-

لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بارینی باران و بەفر و هاتنی ئەم کەشە ساردەی ئێستا و نزیکبوونەوەی سەری ساڵ، خواست لەسەر خواردنی قەل و قاز، کە وەک دوو پەلەوەری دڵخوازی خەڵک دادەنرێن سەرباری نرخە بەرزەکەی زیادی کردووە.

هۆگر بەکر، پەلەوەر فرۆشێکی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانییە و بۆ SNNـی باسی لەوەکرد، لەم مانگەی کۆتایی ئەمساڵدا و بەهۆی هاتنی سەرماو سۆڵە نزیکبوونەوەی سەری ساڵ، موشەتەرییەکانی خواستێکی زۆریان لەسەر قەل و قاز هەیە و سەرباری ئەوەی نرخێکی بەرزی هەیە.

” نرخی قەل و قاز لە کوردستان بەرزە و بەشێک لە هاووڵاتییان لەبەر کەمدەرامەتی نایکڕن”

پەلەوەر فرۆشەکە ئاماژەی بەوەکرد، کە نرخی یەک کیلۆ قاز لە سلێمانی 14 هەزار دینارە و نرخی یەک کیلۆ قەلیش 20 هەزار دینارە، بەڵام تا دەوروبەری مانگ 1 خواست لەسەر قاز زۆرترە، دەشڵێت، بەهۆی خراپی دۆخی مووچە و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان وایکردووە بەشێک لە هاووڵاتیان بڵێن، “قەل و قاز خواردنی هەموو کەس نییە” و نایکڕن.

“سەرماو زستان هۆکاری ئەم نرخە بەرزەیە”

هاوکات نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بە SNNـی راگەیاند، لە کاتی نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما راستەوخۆ خواستی خەڵک بۆ خواردنی پەلەوەرەکانی وەک (قەل و قاز و کەڵەشێر) زیاد دەکەن، بەڵام خواستیش لەسەر مریشکی ناسک هەر هەیە، بەم هۆیەوە نرخەکانیش بەرز دەبنەوە.

یەکێک لە موشتەرییەکانی هۆگر بەکر کە بۆ کڕینی قەل هاتبوو بە SNNـی وت، “لە پارەوە بەڵێنم یاوە خزمەکانم دەعوەتی قەل بکەم و هەموویان چاوەڕێن بۆ بەفرەکەی سەری ساڵ لە ماڵی من قەل بخۆن.”

“پێشبینییەکان دەڵێن شەوی سەری ساڵ بەفر دەبارێت”

محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی لە بارەی کەشوهەوای شەوی سەری ساڵ بە SNNـی راگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە 31ـی12ـی2025 لەسەنتەری شارەکان باران دەبارێت کە بەرزییان نزمە لەسەر ئاستی ڕووی دەریا، ئەو ناوچانەی لەبەرزی 850 مەترەوەن ئەگەری بەفر بارینیان هەیە، بۆیە لەم شوێنانە ئەگەری بەفربارین هەیە (سۆران و مێرگەسۆر و شیلادزێ و ئامێدی و بامەڕنی و بارزان و باڵەکایەتی و قەسرێ و پێنجوێن و گەڕەکە بەرزەکانی سلێمانی و گۆێژە و سەفین و شەقڵاوه و کۆڕەک و قەرەداغ و سەنگاوو و گرپجنە و چوارتا و ماوەت و شارباژێڕ و سەروی ‌بناری بەمۆ و وەرتێ و سیدەکان و سمێڵان و بالیسان) لەگەڵ دێهاتەکانی سنوری ئەم ناوچانەی ناوم برد و لەوو شوێنانەی نزمن لەسەر ئاستی ڕوی دەریاش بارانی مامناوەندی لێدەبارێت و بڕی بەفرەکەش لە1سم دەست پێدەکات تاوەکوو 17 سم لە چیاکانیش 70 بۆ 90سم.

گۆشتی قەل و قاز و خواردنە کوردەوارییەکان زیاتر لە وەرزی زستان و سەرمادا دەخورێن، گۆشتەکەیان بەتام و خۆشە، پڕە لە ڤیتامین، پرۆتین و ڕیشاڵ کە سوودێکی ئێجگار زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنن و پزیشکانی خۆراک بە بەردەوامی ڕێنماییمان دەکەن گۆشتی ئەو دوو پەلەوەرە بخۆین.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this