نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە 170 هەزار دینار

0
4157

SNN-

هەرێمی کوردستان ئەمساڵ زستانێکی سارد و سەخت بەڕێدەکات و هاووڵاتییانیش لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستیان بە نەوتە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەشنەکراوە و هاووڵاتییانیش لە چاوەڕوانی نەوتەکەی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستاندان و بەشێکیان بە دەبە نەوت دەکڕن.

ئەمساڵ سێ شەپۆلی بەفر و چوار شەپۆلی بارانی بەخوڕ ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زستانێکی سارد و سەخت بووە بۆ هاووڵاتییان.

سالار محەمەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، ڕۆژی شەممە 17ـی کانوونی یەکەم دەستبە دابەشکردنی نەوت دەکرێ لە ناو سەنتەری شاری هەولێر و لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی، بۆ هەر 100 لیترێکیش 31 هەزار دینار وەردەگیرێت.

سەلام عومەر، وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، بە SNN-ی راگەیاند، لە سەرەتای مانگی 12-ەوە نووسراومان کردووە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری سلێمانی، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە بۆیە تاوەکو ئێستا نازانین کەی نەوت دێت و دابەشدەکرێت.

سەبارەت بە ناردنی نەوت لە لایەن بەغداوە وتیشی: تاوەکو ئێستا نەوتمان بۆ نەهاتووو هەرچەندە نووسراویشمان کردووە، هەرکات بڕی نەوت و نووسراوی دابەشکردنمان پێبگات، ڕاستەوخۆ دابەشی دەکەین، بەڵام لەبەرئەوەی بڕەکەی کەمە و بەشی هەموو هاوڵاتییانی ناو شار ناکات 200 لیتر دابەشناکەین، بەڵکو  100 لیتر بە نرخی 30 هەزار دینار دەدەین بەهاووڵاتییانه.،

بڕیارە حکومەتی عێراق 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستیان بنێڕێت، پشکی سلێمانی و هەڵەبجە 20 ملیۆن لیترە، 15 ملیۆن لیتری پشکی پارێزگای هەولێرە و ئەوەی دەمێنێتەوە پشکی پارێزگای دهۆکە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ئەمساڵ نەوتی دابەشکردووە بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا کە بۆ هەر بەرمیلێک 104 هەزار دینار بوو.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەکۆی گشتیی 126 ملیۆن و 484 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی کە لەلایەن هەرێمی کوردستان دابینکراوە، بڕی 124 ملیۆن و 900 هەزار لیتر دابەشکراوە، بەمەش 415 هەزار و 222 خێزان ماوە کە نەوتیان وەرنەگرتووە.

هێمن عەلی، نەوتفرۆشێکی شاری سلێمانییە بە SNN-ی راگەیاند: ئێستا نرخی نەوتی سپی، لە بازاڕدا لە نێوان 170 بۆ 175 هەزار دیناردایە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو خواستی زیاتری لەسەرە لە لایەن هاووڵاتییانەوە و نرخەکەشی گرانترە، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ هاووڵاتییان ناتوانن ئامێرەکانی گەرمکردنەوە بەکاربهێنن بەهۆی پرۆژەی رووناکی، چونکە ترسیان هەیە پارەی زۆریان بۆ بگەڕێتەوە.

محەمەد کەمال، هاووڵاتییەکی شاری سلێمانییە چاوەڕێی دابەشکردنی نەوتەکەی حکومەت دەکات و دەڵێت: ئەمساڵ تاوەکو ئێستا نەوتم نەکڕیوە بە بەرمیل، تەنها بە دەبە دەیکڕم و هەروەها بەراورد بە ساڵانی رابردووش ئامێری گەرمکەرەوەی وەک هیتەر و سپلێت کەمتر بەکاردەهێنم ، بۆیە نەوتم زیاتر دەوێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this