ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر ئێران یان هەرەشەکان تەنها فشارێکی دەروونییە؟

0
222

SNN

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان دەربارەی نزیکبوونەوەی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، خوێندنەوەکان بۆ دۆخەکە جیاوازن، ئایا ناوچەکە بە ڕاستی لە لێواری شەڕێکی نوێدایە، یان ئەوەی ڕوودەدات تەنها فشارێکی سیاسی و میدیاییە بۆ ناچارکردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە مەرجەکانی کۆشکی سپی؟

“هەڕەشەکان بۆ فشارن نەک بۆ شەڕ”

سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی لە لێدوانێکدا بە بەغداد یەومی ڕایگەیاندووە، ئەو ڕاپۆرتە ئیسرائیلییانەی باس لە نزیکبوونەوەی هێرشی ئەمریکا دەکەن، تەنها “فشارێکی میدیایین” کە واشنتۆن دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە ڕژێمی ئێران ناچار بکات بە مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی بێت. ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دووری دەبینێتەوە لەوەی واشنتۆن یان تەلئەبیب لە ئایندەیەکی نزیکدا هێرشەکە ئەنجام بدەن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دزەپێکردنی وردەکاریی دەربارەی بانکێکی ئامانجەکان و کوشتنی بەرپرسانی سوپای پاسداران، زیاتر لە چوارچێوەی “جەنگی دەروونی”دایە، چونکە دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا هێشتا لە تێچووی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە دەترسن، بەتایبەت بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراق، سوریا و ناوچەی کەنداو.

پلانی ئیسرائیل بۆ گورزی پێشوەختە لە باڵەکانی ئێران

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، پلانێکی سەربازی ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندی کۆتایی لەسەر بدات. بەپێی پلانەکە، ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک یان چەند خولەکێک پێش هێرشە سەرەکییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هێرشێکی بەرفراوان دەکاتە سەر حوسییەکان لە یەمەن و حزبوڵا لە لوبنان.

جەختدەکاتەوە، ئامانج لەم پلانە ئەوەیە کە توانای باڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا پەکبخرێت، تاوەکو نەتوانن وەڵامێکی هاوبەش و توند بدەنەوە و ناچاربن تەنها خەریکی پاراستنی بنکەکانی خۆیان بن، لە کاتێکدا ئەمریکا ئۆپەراسیۆنە سەرەکییەکەی لە ناوخۆی خاکی ئێراندا ئەنجام دەدات.

چاوەڕوانی بڕیاری ترەمپ و فشارەکان لە واشنتۆن

ڕاپۆرتەکان ئاشکرایدەکەن، پلانەکە چاوەڕێی واژووی دۆناڵد ترەمپە. ئیدارەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە ئامانجەکانیان سەرکردەکانی سوپای پاسداران و بازنە ئەمنییەکان دەبێت، نەک دامەزراوە حکومی و فەرمییەکان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەی “سەری ڕژێم” لە جەستەی دەوڵەت.

لە ناوخۆی واشنتنیشدا مشتومڕێکی توند هەیە؛ تیمی یەکەم پێیان وایە توانای ئەتۆمی ئێران “مەترسییەکی بوونییە” و دەبێت ئێستا ڕابگیرێت، بەڵام تیمی دووەم کە سەربازی و ئەمنین، هۆشداری دەدەن لەوەی هەر هێرشێک دەبێتە هۆی کاردانەوەی چاوەڕواننەکراو لە عێراق و کەنداو و تێکچوونی بازاڕی وزەی جیهانی.

عێراق لە چەقی هاوکێشەکەدایە

سەرچاوە عێراقییەکە دەڵێت “هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت، چونکە عێراق دەبێتە مەیدانی ئاڵوگۆڕکردنی نامە سەربازییەکان و هێرشکردنە سەر بنکەکان. بەغدا ناتوانێت بە ئاشکرا لایەنگری هیچ لایەک بکات، چونکە باجەکەی تێکچوونی ئاسایش و ئابوورییەکەی دەبێت.”

کۆتایی: فشار یان تەقینەوە؟

تا ئێستا دیمەنەکە پڕە لە پارادۆکس؛ لەلایەک دزەپێکردنی پلانی سەربازی و هێرشی پێشوەختە، لەلایەکی دیکەشەوە خوێندنەوەیەک کە دەڵێت ئەمە تەنها شەڕێکی توندی گفتوگۆیە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: واشنتۆن و تەلئەبیب تا چەند دەتوانن ئاستی هەڕەشەکان بەرز بکەنەوە بێ ئەوەی بەهۆی هەڵەیەکەوە ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گشتگیر ببەن کە کەس نەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات؟

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this