مەزڵوم عەبدی: ئاسوودەبن، دەستکەوتەکان پارێزراون

0
251

SNN

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ناوەرۆکی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا دەکات و دڵنیایی دەدات لە دەستکەوتەکانی شۆڕش پارێزراون.

هێزە ئەمنییەکانی ئێستا بەردەوام دەبن لە ئەرک

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی رۆناهی ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی باسی لەوەکرد: سوپای سووریا ناچێتە ناو ناوچە کوردییەکان، چ لە جەزیرە و چ لە کۆبانێ، هەروەک وتیشی: هێزە ئەمنییەکانی ئێمە تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سوریا دەبن و ئەوان ئاسایشی ناوچە کوردییەکان دەپارێزن.

ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی حکومەتی سووریا دێنە قامیشلۆ

ئاشکراشی کرد: ژمارەیەکی سنووردار لە هێزەکانی حکومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامیشلۆ جێگیر دەبن و بۆ ماوەیەکی کاتی و تا راییکردنی کاروباری کارگێڕی تێکەڵاوبوون لەوێ دەبن.

“رێککەوتنەکە لە ئاست چاوەڕوانیمان نییە”

فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەم جۆرە دڵنیاییدا و وتی: “با گەلەکەمان ئاسوودە بێت، لە رووی ئەمنییەوە هیچ کێشەیەک دروست نابێت و دامەزراوە ئەمنی و کارگێڕییەکەمان وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەروەک وتیشی: ئەوەی بەدەستمان هێناوە لە ئاست چاوەڕوانیمان نییە، بەڵام ئەوەندەش کەم نییە کە بەچاوی کەم لێی بڕوانین، ئەوەی لەم رێککەوتنەمان لەگەڵ دیمەشق کراوە، پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکانە، ئەگەرچی لە ئاستی چاوەڕوانیمان نییە، بەڵام پاراستنی دەستکەوتەکانە”.

هێزەکانی هەسەدە وەک لیوا لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریا هەر لە شوێنەکانی ئێستایان بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان، هەروەها پێویستە ئەو هێزانەی وەزارەتی بەرگریی سووریا کە هاتوونە جزیرە و کۆبانێ بکشێنەوە و هێزەکانی ئێمەش دەچنە دەرەوەی شارەکان.

سەبارەت بە دۆخی کۆبانێش مەزڵوم عەبدی وتی: گەمارۆکانی سەر ئەو شارە هەڵدەگیرێن.

رێککەوتنەکە عەفرینیش دەگرێتەوە

بەشێکی تری قسەکانی مەزڵوم عەبدی تایبەت بوو بە شاری عەفرین کە لەساڵی 2018ەوە لەلایەن تورکیا و گروپە سووریەکانی سەر بەو وڵاتە داگیرکراوە و لەو رووەوە وتی، رێککەوتنەکەیان تایبەتە بە هەرێمە کوردییەکان و عەفرینیش 90٪ی کوردییە و رێککەوتنەکە ئەوێش دەگرێتەوە، رەنگە ئەمە بە رۆژ و دووان جێبەجێ نەکرێت، بەڵام لە درێژخایەندا جێبەجێ دەکرێت و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە.

چارەنووسی کارمەندانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر و نیگەرانییەکانیان لەوبارەوە پرسیارێک بوو کە ئاراستەی مەزڵوم عەبدی کرا و لەو بارەشەوە دڵنیایی دا کە ئەو کارمەندانە لە کارەکانیان بەردەوام دەبن.

هەروەک باسی لەوەشکرد کە پارێزگاری حەسەکە لەلایەن هەسەدەوە دیاری دەکرێت و رێککەوتنیشیان هەیە لە سەر دیاریکردنی چارەنووس و ئازادکردنی دیلەکان.

“پۆستم ناوێت، لەگەڵ گەلەکەم دەمێنمەوە”

لەکۆتاییدا مەزڵوم عەبدی چارەنووسی خۆیشی ئاشکراکرد و وتی: “زۆر پێشنیازم بۆکرا کە لەناو حکومەتدا پۆست وەربگرم، بەڵام هاوڕێکانم پێشنیاز کرد بۆ ئەوەی ئەو پۆستانە وەربگرن و خۆم لەناو گەلەکەمدا دەمێنمەوە و کار بۆ یەکڕیزی ناوماڵی کورد دەکەم”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this