بەهۆی وەرگێڕانی نادروستەوە، لێدوانەكەی هاكان فیدان بە هەڵە لێكدراوەتەوە

0
189

SNN
وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كردو ناڕەزایەتی خۆی پێگەیاند سەبارەت بە لێدوانەكانی هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەی توركیا.

ئەنیل بورا ئینان باڵیۆزی توركیا لە بەغداد ئەمڕۆ چووە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتی لەبارەی قسەكانی هاكان فیدانەوە بۆ كەناڵی CNNی توركیا لە رۆژی 9ی ئەم مانگە قسەی لەگەڵدا كرد.

باڵیۆز محەمەد حسێن بەحرعلوم بریكاری وەزارەت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكان، توڕەیی عێراقی بە باڵیۆزی توركیا راگەیاند، سەبارەت قسەكانی هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەی توركیاو، بە سوكایەتیكردن بە پەیوەندیی دووقۆڵی دۆستانەی نێوان عێراق و توركیاو؛ دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق و پێشێلكردنی نۆرمە دیپلۆماسییەكان ناوی هێنا.

هاكان فیدان لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ئەو كەناڵە توركییە وتی: دوای لەناوبردنی پە*کە*کە لە سوریا، دەستمان بەتاڵ دەبێت بۆیان لە عێراق و ئومێدەوارین حكومەتی عێراق سود لە ئەزمونی سوریا وەربگرێت و بڕیارێکی ژیرانەتر بدات.

باوویۆز بەحرعلوم لەبارەی ئەو قسانەوە باڵیۆزی توركیای ئاگادار كردووە كە: عێراق وڵاتێكی دامەزراوەیی خاوەنی سیستەمێكی دیموكراتی دەستورییەو ناكرێت بەراورد بكرێت بە وڵاتانی تر (بەبێ ناو هێنان مەبەستی سوریایە).

سەبارەت بە كاروباری ناوخۆش، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە باڵیۆزی توركیای وتووە: دۆسیەی شەنگال و ناوچەكانی تری عێراق بەتەواوەتی بابەتێكی ناوخۆییە و بەگوێرەی ئەولەویەت و میكانیزمە نیشتمانییەكان مامەڵەیی لەگەڵ دەكرێت، هەر جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی بۆ سەپاندنی چارەسەر یاخود بەكارهێنانی ئەم دۆسییەیە بۆ كاریگەری سیاسی یاخود سەربازی رەتدەكەینەوە.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی توركیا باسی لەوەكردووە، بەهۆی وەرگێڕانی نادروستەوە، لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا بە هەڵە لێكدراوەتەوەو قسەكانی وەزیر تایبەت بووە بە ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە عێراق و، پەیوەندی بە كاروباری ناوخۆی عێراق و هاوڵاتیانی عێراقیەوە نەبووە، سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە عێراق چەسپاوەو رێز لە سەروەرییەكەی دەگرین و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیدا ناكەین.

باڵیۆزی توركیا وتویەتی ناڕەزایەتییەكانی عێراق دەگەیەنێتە سەركردایەتی وڵاتەكەی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this