شاڵاو جەمال:کێشەیەکی جوتیاران بۆ ئەمساڵ بە تەواوی چارەسەربووە

0
159

SNN-

وەرزێکی بارانبارینی چڕ ناوچە جیاوازەکانی گرتووەتەوە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە مایەی خۆشحاڵی بۆ جووتیاران و بووژانەوەی سەرچاوە ئاوییەکان.

“ڕێژەی بارانبارین لە هەندێک شوێن سێ هێندە زیادی کردووە”

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، سەبارەت بە دۆخی بارانبارینی ئەمساڵ بە SNNـی راگەیاند، “ئەمساڵ بارانێکی زۆر باش باریوە؛ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە هەندێک شوێندا سێ هێندە و لە هەندێک ناوچەی تردا دوو هێندە و نیو باران باریوە. ئەم ڕێژەیە بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکان زۆر دڵخۆشکەرە.”

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم بارانە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان هەبووە و وتی، “ئاستی ئاو لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و ئەو پۆندانەی دروست کراون بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەمساڵ توخمە سەرەکییەکانی کشتوکاڵ کە خاک و ئاون، پێکەوە گونجاون بۆ ئەوەی وەرزێکی پڕبەرهەممان هەبێت.”

کۆتاییهاتن بە ململانێی سەرچاوە ئاوییەکان

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی تیشکی خستە سەر لایەنێکی گرنگی تری ئەم بارانە کە ئەویش کەمبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە تی:و و “ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەمبارانییەوە، کێشە و ئاژاوەی زۆر لەنێوان جووتیاران لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، کانی و کارێزەکان و چەمەکان دروست ببوو، بەڵام ئەمساڵ ئەو کێشانە ڕەویونەتەوە و ئێستا هیچ کێشەیەک لەسەر ئاو نەماوە.”

جوتیاران: زەوی تێر ئاو بووە و چاوەڕێی بەرهەمی زۆرین

لە لایەکی ترەوە، محەمەد حەسەن، جوتیارێکی دەشتی شارەزوور بۆ SNN دەربارەی دۆخی ئەمساڵ دەڵێت: “سوپاس بۆ خوا، ئەمساڵ زەوییەکانمان بە تەواوی تێر ئاو بوون. ساڵی ڕابردوو لەم کاتانەدا ئێمە لە دڵەراوکێیەکی گەورەدا بووین و کێشەمان لەسەر دابەشکردنی ئاوی کانی و کارێزەکان هەبوو، بەڵام ئێستا هەموو سەرچاوەکان پڕ بوونەتەوە.”

ئەو جووتیارە وتیشی، “ئێستا کاتی چاندنی نۆک و نیسکە و لە مانگەکانی داهاتوودا کاریگەریی ئەم بارانە لەسەر بەرهەمی سەوزەوات و دار و درەختەکانی وەک قەیسی، قۆخ، هەڵوژە و سێو بە ڕوونی دەردەکەوێت. گەشبینین کە ئەمساڵ یەکێک بێت لە باشترین ساڵەکان بۆ بەرهەمی ناوخۆیی.”

هیوایەک بۆ بارانی بەهارە

هەرچەندە تا ئێستا ڕێژەکە زۆر باشە، بەڵام پسپۆڕانی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی چاویان لە مانگەکانی سێ و چوارە، کە بارانی بەهارە دەتوانێت گەشەی کۆتایی بە بەرهەمەکان بدات و کەرتی کشتوکاڵ بگەیەنێتە لوتکەی گەشەکردن.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this