ئەلمۆنیتۆر: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە شەیبانی وتووە “ئەگەر مەزڵوم عەبدی ئامادە نەبێت، کۆبوونەوەکە ناکەین”

0
158

SNN

ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتۆر”ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا نهێنییەکانی پشتی پەردەی دانپێدانانی ئەمریکا بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئاشکرا دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مەرجی ئامادەبوونی ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدیی داناوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی سووریا، بەڵام ئەم هەنگاوە لە گۆڕانکاریی ستراتیژییەوە نەبووە، بەڵکو بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی کۆنگرێس بووە.

مەرجەکەی ڕوبیۆ لە میونشن

بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکان، مارکۆ ڕوبیۆ پێش کۆبوونەوەکەی 13ی شوبات لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریای ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی وەک بەشێک لە شاندەکە ئامادە نەبێت، کۆبوونەوەکە ئەنجام نادرێت. دوای ڕەزامەندیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، مەزڵوم عەبدی بە یاوەریی ئیلهام ئەحمەد بەشداریی کرد و لەلای ڕاستی وەزیری دەرەوەی سووریاوە دانیشت. چاودێران ئەم دیمەنەیان بە دانپێدانانێکی بێدەنگی ئەمریکا بە سەرکردایەتیی کورد وەک یاریزانێکی چالاکی سیاسی و سەربازی لە هاوکێشەی سووریادا لێکدایەوە.

هۆکاری ڕاستەقینە: هێورکردنەوەی تووڕەیی کۆنگرێس

ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ستراتیژیی ئەمریکادا نییە، بەڵکو مەبەست لێی هێورکردنەوەی تووڕەیی کۆنگرێسی ئەمریکا بووە، بەتایبەتی دوای ئەو هێرشە توندانەی سوپای سووریا لە مانگی یەکدا کردییە سەر ناوچە کوردنشینەکان، کە دیمەنە “ترسناک”ەکانی بەرامبەر شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل نیگەرانیی قووڵی لە واشنتۆن دروستکردبوو. نادین ماینزا، پسپۆڕی ئازادیی ئایینی، بە ئەلمۆنیتۆری وتووە کە بینینی دروشمی داعش بە جلوبەرگی هەندێک لە هێرشبەرانەوە، ترسی لە سەرهەڵدانەوەی توندڕەوی و کردنەوەی زیندانەکانی داعش زیاتر کردبوو.

ڕۆڵی لیندسی گراهام و “یاسای ڕزگارکردنی کورد”

بەهۆی ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا نەیتوانی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بکات، لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆماری، هەنگاوی ناوە بۆ زیندووکردنەوەی سزاکانی “یاسای قەیسەر” بە شێوەیەکی توندتر و پڕۆژەیاسایەکی نوێی بەناوی “یاسای ڕزگارکردنی کورد” پێشکەش کرد. ئەلمۆنیتۆر ئاشکرایکردووە کە گراهام لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرعدا لە ژووری سەرۆکی ئەمریکا بووە و داوای لە شەرع کردووە کە مەرجەکانی بۆ هەسەدە باشتر بکات لەچاو ئەو ڕێککەوتنەی کە بە نێوەندگیریی تۆم باراک کرابوو. هەرچەندە ڕێککەوتنە نوێیەکە ئاماژەی بە ئۆتۆنۆمی نەکردووە، بەڵام ڕێگەی داوە بە هەسەدە چوار لیوای سەربازیی هەبێت.

پەیامە دوولایەنەکە

بەرپرسێکی هەرێمی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئەلمۆنیتۆری وتووە، کۆبوونەوەکەی ڕوبیۆ لەگەڵ مەزڵوم عەبدی پەیامێکی ڕوون بوو؛ بۆ کۆنگرێس بە مانای “ئێمە گوێمان لێتانە” و بۆ ئەحمەد شەرعیش بە مانای “ئێمە وەک ئیدارەی ئەمریکا چاودێریتان دەکەین.”

داهاتوویەکی نادیار بۆ کورد

سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، داهاتووی کورد لە سووریا هێشتا نادیارە. لەگەڵ چوونەناوخۆی فەرمیی سووریا بۆ هاوپەیمانیی دژ بە داعش و بەردەوامیی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سەرنجەکان وردە وردە لە هەسەدەوە دەگۆڕێن بۆ سوپای سووریا. ئالان ماکۆڤسکی، لێکۆڵەری دیار، هۆشداری دەدات کە کشانەوەی تەواوەتیی ئەمریکا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش یان بەقاچاغبردنی چەکی ئێرانی و دەبێتە “پاشەکشەیەکی جددی” بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لەگەڵ ئەوەشدا، ماکۆڤسکی دەڵێت: “کوردەکانی سووریا دۆستی بەهێزیان لە کۆنگرێسدا هەیە، بەڵام ناکرێت حساب لەسەر وەڵامێکی بەهێز، چ جای خێرا، لە کۆنگرێسەوە بکەن لە هەموو قەیرانێکدا.”

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this