ئایاتوڵا موجتەبا خامنەیی: دۆسیەی تۆڵەکردنەوەی باوکم دانەخراوە؛ کارتی داخستنی گەرووی هورمز بەکاردەهێنین

0
217

SNN-

لە یەکەم پەیامیدا وەک رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، موجتەبا خامنەیی هەڕەشەی تووند دەکات و رایدەگەیەنێت کە دۆسیەی تۆڵەکردنەوەی خوێنی باوکی و کوژراوانی دیکەی وڵاتەکەی کراوەیە. لە پەیامەکەیدا کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، رێبەری نوێ هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕ دەکات، هەروەها ئاشکرای دەکات کە جگە لە باوکی، چەندین ئەندامی نزیکی خێزانەکەشی لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا گیانیان لەدەستداوە.

کوژرانی عەلی خامنەیی و ئەندامانی خێزانەکەی

موجتەبا خامنەیی لە دەستپێکی پەیامەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 12ی ئازاری 2026 بڵاوکرایەوە، پرسە و سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی عەلی خامنەیی باوکی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە ناوبراو لە مانگی رەمەزان و لە کاتی خوێندنەوەی قورئاندا کراوەتە ئامانج.

رێبەری نوێی ئێران پەردەی لەسەر نهێنییەکی گەورە لادا و رایگەیاند کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا تەنیا باوکی نەکوژراوە، بەڵکو “هاوسەرەکەی، خوشکێکی، منداڵی خوشکێکی و زاوایەکیان” گیانیان لەدەستداوە. لەبارەی دانانیشی وەک رێبەری نوێ، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەویش وەک خەڵک لە رێگەی تەلەفزیۆنەوە بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی شارەزایان زانیوە و جەختی کردەوە کە جێگرتنەوەی باوکی کارێکی قورسە، بەڵام بە پشتیوانی خەڵک ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرێت.

هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و کردنەوەی بەرەی نوێ

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کە ئاراستەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی کردووە، موجتەبا خامنەیی باسی لە ستراتیژییەتی داهاتووی وڵاتەکەی کرد لە جەنگدا. ئەو بە روونی رایگەیاند کە دەبێت فشارەکان بەردەوام بن و “بەکارهێنانی کارتی داخستنی گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی کاریگەر بمێنێتەوە”.
هاوکات هەڕەشەی فراوانکردنی شەڕی کرد و گوتی: “لێکۆڵینەوەمان کردووە بۆ کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕ لەو ناوچانەی کە دووژمن تێیدا لاوازە.” رێبەری نوێ جەختیشی کردەوە کە تۆڵەی خوێنی باوکی و منداڵانی ئێران دەکەنەوە، بەتایبەتی ئاماژەی بە هێرشەکەی سەر قوتابخانەی “شەجرەی تەیبە” لە میناب کرد و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ناوخۆی ئێرانی دا.

هۆشدارییەکی تووند بە وڵاتانی دراوسێ

موجتەبا خامنەیی پەیامێکی روون و تووندی ئاراستەی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کرد کە بنکەی سەربازیی ئەمریکا یان وڵاتانی رۆژئاوایان تێدایە. ئەو رایگەیاند: “ئێمە نامانەوێت دەستوەردان بکەین و دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان باش بێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی رێگەیان داوە خاک و بنکە سەربازییەکانیان دژی ئێمە بەکاربهێنرێت، دەبێت باجەکەی بدەن.”

ئەو داوای لەو وڵاتانە کرد کە هەرچی زووترە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دابخەن، چونکە بە گوتەی ئەو، “ئەمریکا درۆی لەگەڵ کردوون و ئاسایشی بۆ نەهێناون”.

پشتگیری بۆ “بەرەی مقاوەمە” و داوای یەکڕیزی

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی تایبەتی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی ئێران کرد. ئەو ستایشی رۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی عێراقی کرد و بە بەشێکی دانەبڕاو لە “شۆڕشی ئیسلامی” وەسفی کردن کە پێکەوە دژی ئیسرائیل دەجەنگن.

هەروەها داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و بەشدارییەکی بەرفراوان لە رۆژی جیهانیی قودس بکەن بۆ ئەوەی هێزی وڵاتەکەیان بە دووژمنان نیشان بدەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this