واشنتن پۆست: ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەغدا ناتوانێت مانگی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات

0
125

SNN-

عێراق بووەتە تەنیا وڵات لە ناوچەکەدا کە لە ناو خاکی خۆیدا ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران دەبێتەوە، ئەمەش مەترسیی پەککەوتنی تەواوەتیی ئابووری و سەرهەڵدانی پشێویی کۆمەڵایەتیی دروست کردووە.

عێراق وەک گۆڕەپانی جەنگی ئەمریکا و ئێران

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست”، عێراق کەوتووەتە ناو قەیرانێکی گشتگیر و کۆنتڕۆڵنەکراو، چونکە تاکە وڵاتە لە ناوچەکەدا کە لە یەک کاتدا لەلایەن هەردوو لایەنی جەنگەکەوە (ئەمریکا و ئێران) بۆردومان دەکرێت. ئەم دۆخە پاش ئەوە دێت کە وڵاتەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەوڵی دابوو خۆی لە ئاڵۆزییەکان بەدوور بگرێت.

مەترسیی نەبوونی مووچە و پەککەوتنی هەناردەی نەوت

پەککەوتنی کەشتیوانی لە کەنداو و هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە، هەناردەی نەوتی عێراقیان بە تەواوەتی ڕاگرتووە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، بەغداد ناتوانێت مانگی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دابین بکات، ئەوەش مەترسیی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و پشێویی گەورەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.

بنبەستی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا

حکومەتی فیدراڵ داوای لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەهۆی کێشە سیاسییەکانی نێوانیان و پرسی ئاڵوگۆڕی دۆلار، گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.

هێرشە ئاسمانییەکان و وەڵامدانەوەی ئەمریکا

لە دەستپێکی جەنگ لە 28-02-2026ـەوە، بنکەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغداد و هەولێر، لەگەڵ بارەگا دیپلۆماسییەکان، ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکیی گرووپە چەکدارەکان دەبنەوە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا بە تووندی وەڵامی داوەتەوە و بنکەکانی ئەو گرووپانەی لە جورف سەخر، ناوچە سنوورییەکانی قائیم و چەندین شوێنی دیکە بۆردومان کردووە.

قەیرانی کارەبا و کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان

ڕۆژنامەکە باس لەوەشدەکات کە هەولێر، هێرشە درۆنییەکان شوێنە بازرگانییەکان و هۆتێلەکانیشیان گرتووەتەوە. یەکێک لە گەورەترین گورزەکان بەر کێڵگەی کۆرمۆر کەوتووە و لەکاری خستووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 2 لەسەر 3 کەم بکات و هاووڵاتییان تەنیا 4 بۆ 6 کاژێر کارەبایان هەبێت. هاوکات، کۆمپانیاکانی شاماران و HKN بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی سەرسنگ و ئەترووش ڕاگرتووە.

بۆشایی سیاسی و دەسەڵاتی سنوورداری حکومەت

لە راپۆرتەکەی واشنتن پۆستدا باس لەوەدەکات کە عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025ـەوە بێ حکومەت ماوەتەوە، ئەوەش پاش ئەوەی ئەمریکا دژی کاندیدکردنی نووری مالیکی وەستایەوە. محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی سنوورداری هەیە و ناتوانێت کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات. تامر بەدەوی، پسپۆڕی کاروباری عێراق دەڵێت: “ئێستا کەس نایەوێت بەرپرسیارێتیی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە بگرێتە ئەستۆ.”

دابەشبوونی سیاسی و مەترسی لەسەر ئاسایش

لە کۆتای ڕاپۆرتەکەدا باس لە بەرودۆخی عێراق دەکات و دەڵێت لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی بێلایەنی دابەشبوون؛ هەندێکیان دەیانەوێت عێراق بچێتە بەرەی ئێران و هەندێکی دیکە داوای هاوکاریی ئەمریکا دەکەن. ئەم دابەشبوونە ناوخۆییە تەنگژە سیاسییەکانی گەیاندووەتە لووتکە و هەموو دەستکەوتە ئەمنییەکانی ساڵانی ڕابردووی خستووەتە مەترسییەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this