ئەکسیۆس: ئەمریکا پلان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات

0
66

SNN –

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، هێرشکردنە سەر ئێران وەک ئەگەرێکی بەهێز لەسەر مێزی بڕیاربەدەستانی ئەمریکایە، لەو چوارچێوەیەشدا “براد کوپەر”، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) و “دان کین”، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، پلانێکی نوێیان بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا روونكردووەتەوە بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی ئێران.

دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”یان ڕاگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان فەرماندە سەربازییەکان و ترەمپ ٤٥ خولەکی خایاندووە. ئەم هەنگاوە ئەگەری ئەوەی زیاتر کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دوای ئەو ئاگربەستەی لە ٧ی نیسانەوە ڕاگەیەندراوە، دەست بە شەڕ لەگەڵ ئێران بکەنەوە.

پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردبووەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پلانی هێرشێکی کورت و بەهێزی دژی ئێران ئامادە کردووە، کە پێشبینی دەکرێت ژێرخانە هەستیارەکانیش بکاتە ئامانج، ئەوەش بە هیوای شکاندنی بنبەستی دانوستانەکان.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ هەینی “ریچارد بلومێنتال”، سیناتۆری دیموکراتەکان لە ئەمریکا، ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێرانی بە “زۆر بەهێز” ناوبرد.

بلومێنتال لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “سی ئێن ئێن” وتی: “وەشاندنی گورزی سەربازی وەک هەنگاوێکی چاوەڕوانکراو زۆر بەهێزە”، ئاماژەشی بەوە کرد کە نابێت ئەمە کەس تووشی سەرسوڕمان بکات، چونکە فەرماندە سەربازییە پەیوەندیدارەکان ماوەیەکە باسی دەکەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this