49 لە جیاتی 51؛ پارتی چۆن دەیەوێت لە ڕێگەی ئەنجومەنی شوراوە نیسابی پەرلەمان بشکێنێت؟

0
361

SNN-

پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی پەرلەمان، پەنا بۆ ئەنجوومەنی شورا دەبات و دەیەوێت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی نیسابی یاسایی بۆ 49 کورسی، متمانە بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان بگەڕێنێتەوە.

کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجوومەنی شورا لەلایەن پارتییەوە
لە 3ـی ئازاری ڕابردوو، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و بە واژۆی وەزیری داد، 4 ڕاوێژکاری نوێ بۆ ئەنجوومەنی شورا دامەزرێنران کە سەرجەمیان سەر بە پارتین. بەم هەنگاوە، ئێستا لە کۆی 9 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 8 ئەندامیان پارتیین، ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەنگدان و بڕیارەکانی ئەو دامەزراوەیە.

پلانی کەمکردنەوەی نیسابی یاسایی پەرلەمان
پارتی دەیەوێت لە ڕێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە داوای بۆچوونی ئەنجوومەنی شورا بکات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان. پلانەکە بریتییە لەوەی نیسابی یاسایی دانیشتنەکان لە 51 کورسییەوە بۆ 49 کورسی کەم بکرێتەوە. پاساوی پارتی بۆ ئەم داوایە ئەوەیە کە لاهور شێخ جەنگی و 3 پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری سوێندی یاساییان نەخواردووە، بۆیە نیساب لە کۆی ئەو 96 پەرلەمانتارە هەژمار بکرێت کە سوێندیان خواردووە، نەک لە کۆی 100 کورسییەکە.

بنەما یاساییەکان و بایەخی بڕیارەکانی شورا
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیساب لە کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکان هەژمار دەکرێت نەک تەنیا ئەوانەی سوێندیان خواردووە. لە لایەکی دیکەوە، بۆچوونی ئەنجوومەنی شورا تەنیا “ڕاوێژکارییە” و بۆ هیچ لایەنێک و حکومەت پابەندکەر نییە. پێشتر لە پرسی داهاتە نانەوتییەکاندا، کاتێک ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق ڕای خۆی دا، حکومەتی هەرێم و بەغداد پابەندی نەبوون چونکە بڕیارەکە سیفەتی جێبەجێکردنی نەبوو.

بەراوردکردنی نیساب لەگەڵ بەغدا
وەک نموونەیەکی یاسایی، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە 11ـی نیساندا، ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستی بە 2/3ـی ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بوو کە دەکاتە 220 پەرلەمانتار. سەرەڕای ئەوەی لە بەغدادیش پەرلەمانتار هەبوون سوێندیان نەخواردبوو، بەڵام نیساب لە کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکان هەژمار کرا و هیچ هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ژمارەکە نەدرا.

مێژووی بڕیارەکانی شورا و لێکەوتەکانی
ئەمە یەکەمجار نییە پارتی پەنا بۆ ئەنجوومەنی شورا دەبات؛ لە ساڵی 2014 کاتێک پەرلەمان ئامادەنەبوو ماوەی سەرۆکایەتی بۆ مەسعود بارزانی درێژ بکاتەوە، ئەنجوومەنی شورا بڕیارێکی دەرکرد و ماوەکەی بۆ درێژ کردەوە. هەرچەندە ئەو بڕیارە جێبەجێ کرا، بەڵام لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە لێکەوتەی خراپی بۆ هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.

ڕۆڵی دادگای فیدراڵیی وەک چارەسەری کۆتایی
لە ئەگەری دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە لەلایەن ئەنجوومەنی شوراوە، لایەنە سیاسییەکان دەتوانن پەنا بۆ دادگای فیدراڵیی عێراق ببەن. بەوپێیەی ئەو دادگایە تایبەتمەندە بە شیکردنەوەی یاسایی و دەستووری، دەتوانێت بە فەرمانێکی وەلائی هەموو ڕێکارەکانی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان ڕابگرێت تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەبارەی یاساییبوونی دانیشتنەکە دەدات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this