شەڕی درۆنەکان چڕتر دەبێتەوە.. ڕووسیا خستنەخوارەوەی 376 درۆنی ئۆکرانی ڕادەگەیەنێت

0
125

SNN-

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، ئەمڕۆ هەینی 10ی تەممووزی 2026 ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ماوەی شەوێکدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشە ئاسمانییەکان بوونەتەوە و توانیویانە 376 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ڕووسیادا بخەنە خوارەوە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتژمێر 8:00ی شەوی پێنجشەممە تا کاتژمێر 7:00ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە لە 13 ناوچەی جیاوازدا جێگیرکراون و ئەو 376 درۆنەی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە.

هاوکات، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، چوار لەو درۆنانە ئامانجیان هێرشکردنە سەر پایتەخت (مۆسکۆ) بووە و پێش گەیشتنیان تێکشکێندراون؛ ئەمەش مەترسیی بەردەوامی درۆنەکانی ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات کە دەتوانن بگەنە قووڵایی و دڵی خاکی ڕووسیا.

پاڵاوگەکانی نەوت دەکرێنە ئامانج

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، میدیاکانی ڕووسیا بڵاویانکردووەتەوە کە لە ماوەی 24  کاتژمێری ڕابردوودا، بەهۆی شەپۆلی هێرشەکانی ئۆکرانیاوە، چەندین پاڵاوگەی گرنگی نەوت لە ناوخۆی ڕووسیا کراونەتە ئامانج و ئاگریان لێ بەرزبووەتەوە.

جێی ئاماژەیە، ماوەیەکی زۆرە ئۆکرانیا تاکتیکی جەنگی بەرامبەر بە ڕووسیا گۆڕیوە و لە دوورەوە بە شەپۆلی درۆنی خۆکوژ، پاڵاوگە و کەرتی وزەی ڕووسیا دەکاتە ئامانج؛ ئەم ستراتیژە نوێیەش بەپێی چاودێران بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی سووتەمەنی لە ناوخۆی ڕووسیادا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this