سه‌رۆككۆماری ئێران: درێژەدان بە ململانێ خواست و ویستی ئیسرائیلە

0
39

SNN-

مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە بەردەوام پێداگری لەسەر هەڵگیرسانی شەڕ دەکەن و دەڵێت: “ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ئیسرائیل دەیەوێت.”

پزشکیان هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بەرامبەر بژاردەی شەڕ و ئاشتیدا ڕوون دەکاتەوە و جەخت لەوەدەکاتەوە: “ئەگەر زۆرمان لێبکەن بۆ خۆڕادەستکردن، شەڕ دەکەین، پاشەکشە ناکەین و سەریش دانانەنوێنین، بەڵام کاتێک دەتوانین مافەکانمان مسۆگەر بکەین، بۆچی درێژە بە ململانێ بدەین؟ ئەوە خواست و ویستی ئیسرائیلە.”

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە گرنگیی داننان بە ستراتیژی و کاتناسی لە سیاسەتی دەرەکیدا کرد و ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنینەوە، دەبێت بزانین چی دەکەین، کەی شەڕ دەکەین، کەی ئاشتی دەکەین و کەی بە سادەیی خەریکی کاروباری خۆمان بین لەکاتێکدا ئەوانیش خەریکی کاروباری خۆیانن.

سەبارەت بە پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکانیشەوە، پزشکیان ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان بە توندی بەرگری لەو یاداشتنامەیە دەکەن کە واژۆیان کردووە، و داوای کرد یەک بڕگە بهێنرێتەوە کە تێیدا خۆیان ڕادەست کردبێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پزشکیان نموونەی بە پەیوەندیی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێناوەتەوە و پرسیاری ئەوەی کردووە: “ئایا چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان دۆستن؟ چین گەورەترین ڕکابەری ئەمریکایە، بەڵام ئەی بۆچی بەشەڕ نایەن؟ چونکە چین سەرنجی لەسەر کاری خۆیەتی و ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت.”

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەشدا، سەرۆک کۆماری ئێران باسی لە ڕووداوەکانی ناوچەکە کرد و ڕوونی کردەوە کە لە هەندێک لەو بەشانەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە ئێمە پابەند نەبووین، بۆیە ئەوانیش ڕێکاریان گرتووە بەر و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییان لەگەڵ ئەو کەشتییانە دەستپێکردووە کە سەرپێچیی ڕێنماییەکانیان کردبوو؛ لە بەرامبەر ئەمەشدا ڕەخنەی لەو دەنگانە گرت کە لە ناوخۆدا دێن و حکومەت بە ناپاکی یان جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this