ىۆ بووژاندنەوەی ئابووری و بازاڕ زەیدی پاکێجێکی دارایی بە گوژمەی 3.5 تریلیۆن دینار ڕادەگەیەنێت

0
56

SNN –
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دارایی و بانکی، بڕیاری خەرجکردنی 1 تریلیۆن دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران و بەڵێندەران، لەگەڵ تەرخانکردنی بڕی زیاتر بۆ کەرتەکانی خانووبەرە، پیشەسازی و سندووقی نەوەکان دەرکرد.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە مەبەستی بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات و هاندانی چالاکیی بازاڕ. کۆبوونەوەکە بە بەشداریی وەزیری دارایی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی بانکە حکومی و ئەهلییەکان بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی ڕێگاکانی هاندانی کەرتی ئابووری، بەتایبەتی پیشەسازی، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، بیناسازی، گەشتوگوزار و خزمەتگوزارییەکان کرا، هەروەها باس لە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکان کرا بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی زیادبوونی چالاکیی ئابووری، پاڵپشتیی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کار.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەکە چەند بڕیار و رێکارێکی جێبەجێکاریی راستەوخۆی لێکەوتەوە کە بریتیین لە:

پشتگیریکردنی کەرتی نیشتەجێبوون

بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 1 تریلیۆن دینار وەک دەستپێشخەرییەک بۆ بووژاندنەوەی کەرتی خانووبەرە و بوارە ئابوورییە پەیوەندیدارەکانی دیکە خەرج دەکات.

پەرەپێدانی بەرهەمی پیشەسازی

دابینکردنی لانیکەم 1 تریلیۆن دینار وەک پارەی کاشی زیاتر بۆ هەردوو بانکی بازرگانیی عێراق و بانکی پیشەسازی، بە مەبەستی خستنەگەڕیان لە پڕۆژە پیشەسازییەکاندا.

شایستەی دارایی بەڵێندەران

تەرخانکردنی 500 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران، بە مەرجی مسۆگەرکردنی بەردەوامیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

پشتبەستن بە کەرتە کشتوکاڵییەکان

خەرجکردنی بڕی 500 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی بۆ جووتیاران، بە ئامانجی بەهێزکردن و بووژاندنەوەی چالاکییە کشتوکاڵییەکان لە وڵاتدا.

بەرزکردنەوەی سەرمایەی سندووقی نەوەکان

زیادکردنی 500 ملیار دیناری دیکە بۆ سەر سندووقی نەوەکان، کە بەمەش لەگەڵ بڕی پێشووی کە 1 تریلیۆن دینار بوو، کۆی گشتیی سەرمایەکەی بۆ 1.5 تریلیۆن دینار بەرز دەبێتەوە بۆ پشتگیریکردنی زیاتری پڕۆژەکان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this