وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم داوای هەڵوەشانەوەی دواخستنی باجی سەر هێلکە و مریشکی هاوردە دەکات

0
50

SNN-

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی فەرمی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە دواخستنی سەندنەوەی باج لەسەر هێلکە و مریشکی هاوردەکراو دەربڕی و داوای پێداچوونەوە و هەڵوەشانەوەی بەپەلەی بڕیارەکە دەکات.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ڕێگەی دوو نامەی فەرمییەوە بۆ عەلی زێدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولڕەحیم ئەلشمەری وەزیری کشتوکاڵی عێراق، جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی خۆژێنی و بەرهەمی زۆر، بە شێوەیەک:

لە کۆی 59 پرۆژەی هێلکەی مێز، ساڵانە زیاتر لە 4.8 ملیار دانە هێلکە بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆیی تەنها 1 ملیار دانەیە.

زیاتر لە 2,100 پرۆژەی مریشکی گوشت ساڵانە سەرووی 450 هەزار تۆن مریشک بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا پێویستیی هەرێمی کوردستان تەنها 150 هەزار تۆنە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو، ئەم ئامارانە دەیسەلمێنن بەرهەمی ناوخۆ نەک هەر پێویستیی هەرێمی کوردستان، بەڵکو توانای پڕکردنەوەی پێویستیی تەواوی پارێزگاکانی تری عێراقیشی هەیە؛ بۆیە لابردن یان دواخستنی باجی هاوردەکردن بازاڕی ناوخۆ دەخنکێنێت، زیانی قورس بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت و هەلی کار بۆ دەیان هەزار هاووڵاتی دەخاتە مەترسییەوە.

لە کۆتاییدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە لە بڕیارەکەی پەشیمان ببێتەوە و لە جیاتی ئەوە هاوکاریی دابینکەرانی ئالیک و خاوەن کێڵگەکان بکات، هەروەها ڕێگە بدات بەرهەمی زیادەی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی ڕەوانەی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this