“پێویسته هه‌رێم ته‌واوى نه‌وت و غازى خۆى راده‌ستى عێراق بكات”

لۆگۆى حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێم | فۆتۆ: SNN
SNN
دادگاى فیدراڵى عێراق له دانیشتنى ئه‌مڕۆیدا بڕیارى له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌دا كه له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم كرابوو و رایگه‌یاند: فرۆشتنى نه‌وت و غازى هه‌رێم له ده‌ره‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق ئه‌نجامدراوه و نایاساییه.
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر دادگاى فیدراڵى عێراق له دانیشتنى ژماره 59دا بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌دا كه وه‌زیرى نه‌وتى عێراق له دژى حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كانى هه‌رێم به‌رزیكردبووه‌وه و رایگه‌یاند: فرۆشتنى نه‌وت و غازى هه‌رێم له ده‌ره‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق ئه‌نجامدراوه و نایاساییه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى SNN، “وه‌زیرى نه‌وتى عێراق داواى له دادگاى فیدراڵى كردووه ته‌واوى به‌نده‌كانى ده‌ستوور به‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمدا جێبه‌جێبكرێن و ته‌واوى نه‌وت و غازى هه‌رێم راده‌ستى حكومه‌تى ناوه‌ندى بكرێت”.
به‌هۆى داوایه‌كى یاساییه‌وه كه له‌لایه‌ن وه‌زیرى نه‌وتى عێراق و ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى به‌سره‌وه تۆماركراوه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 15ى شوبات، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چووه به‌رده‌م دادگاى فیدراڵى عێراق.
به‌پێى به‌ڵگه‌یه‌كى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، به‌هۆى داواى ژماره 59ى ساڵى 2012 و داواى ژماره 110ى ساڵى 2019 كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق و عه‌لى شه‌داد فارس، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى به‌سره كراون پێویسته‌بوو حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌رده‌م دادگاى فیدراڵى ئاماده‌بێت.
به‌پێى به‌ڵگه‌كه لایه‌نى داواكراوى سكاڵاكه بریتیه له وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به تۆمه‌تى پێشێلكردنى مادده‌كانى ده‌ستوورى عێراق له پرۆسه‌ى فرۆشتنى نه‌وتدا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى راده‌ستنه‌كردنى ته‌واوى نه‌وتى هه‌رێم به وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق.
سكاڵاكه كۆكراوه‌ى دوو سكاڵایه كه یه‌كێكیان له ژوورى بازرگانى فه‌ڕه‌نسا كراوه له‌سه‌ر ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێم به تۆمه‌تى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم به نایاسایی به توركیا، داواكارى سكاڵاكه كه حكومه‌تى عێراقه داواى 26 ملیار دۆلار قه‌ره‌بوو ده‌كات، هاوكات سكاڵاى دووه‌میش له‌سه‌ر وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كانه به‌تۆمه‌تى پێشێلكردنى به‌نده‌كانى رێككه‌وتننامه نه‌وتییه‌كانى نێوان عێراق و توركیا.








