ئەو كەسانەی مووچەی مانگانەیان لەسەرو ملیۆنێك و 500 هەزار دینارە بەشەخۆراكی مانگانەیان دهبڕدرێت

دراوى 10 ههزارى عێراق | فۆتۆ: SNN
SNN – عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی حكومهتى ههرێم رایدهگهیهنێت: بە بڕیارێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستمانكردووە بە بڕینی بەشەخۆراكی مانگانەی ئەو كەسانەی كە مووچەی مانگانەیان لەسەر و ملیۆنێك و 500 هەزار دینارە، دهشڵێت: “ئێمەش داوامان لە وەزارەتی دارایی هەرێم كردووە لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران ئاراستەبكەن”.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم ئهمڕۆ سێشهممه 15ى شوبات، بە SNNی راگەیاند: “لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەستمانكردووە بە بڕینی بەشەخۆراكی مانگانەی ئەو كەسانەی كە مووچەی مانگانەیان لەسەرو ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوهیه، فەرمانبەران، ئەوانەی كە لە ژوورە بازرگانییەكان و یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانن و پزیشكانیش دەگرێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی رێنماییەك كە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە دەرچووە بۆ بڕینی بەشەخۆراكی ئەو كەسانە”.
وتیشى: “ئەو كەسانەی كە بەشەخۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت پسوڵەی خۆراكیان هەر دەمێنێتەوە، بەڵام بەشەخۆراكیان رادەگیرێت، هاوكات لە ئێستادا هەندێك لە وەزارەتەكان لیستی مووچەی ئەو كەسانەیان بۆ ناردوین كە مووچەی مانگانەیان لەسەرو ملیۆنێك و 500 هەزار دینارهوهیه و داواشمان لە وەزارەتی دارایی كردووە لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانمان بۆ بنێرن بۆئەوەی ئێمەش رەوانەی وەزارەتی بازرگانی عێراقی بكەین و رێكاری پێویست بگرینەبەر بۆ بڕینی بەشەخۆراكی ئەو كەسانەی كە مووچەی زۆر وەردەگرن”.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو: “بۆئەوەی سیستەمەكەی سەركەوتوو بێت حكومەتی عێراق بەنیازە لەڕێگەی سیستەمی پێڵووی چاو ئەو كارە بكات و هەر كەسێك لە رێگەی پسوڵەی خۆاكەوە بەشەخۆراكی مانگانە وەردەگرێت دەبێت لەو سیستمەی خۆی تۆمار بكات بە پێچەوانەوە بەشە خۆراكی مانگانەی دەبڕدێت، هەروەها دەبێتە هۆی سڕینەوەی ناوی ئەو كەسانەشی كە كۆچی دواییان كردووە و تا ئێستا بەشەخۆراكەكهیان نەبڕدراوە”.







