شەپۆلێکی بەهێزی باران سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە

باران بارین
SNN
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شەپۆڵەكە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر كاریگەری دەبێت تا رۆژی یەكشەمە 20/2/2022 بەشێوەی بارانی پەرتەوازە و چاڵاكبوونی هەورە بروسكە لەهەندێك كاتدا.
دەشڵێت، لە رۆژانی یەكشەمەو دووشەمەدا (21/2/2022) نزمە پاڵەپەستۆیەكی ناجێگیری دیكە بە هاتنی شێ و گەرمی لە دەریای سوور كاردەكاتەوە سەر كەشی ناوچەكە، بەتایبەت بۆ سەر ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و كەركوك و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین كاریگەری زیاتر دەبێت هاوشێوەی حاڵەتی یەكەم بارانەكان پەرتەوازە و ناجێگیر دەبن لە ناوچەكەدا بەشێوەی چاڵاكبوونی هەورە بروسكەو تاوە بارانی بەخور و لەناكا و لەهەندێك كاتدا وە زیادبوونی خێرای با، پلەكانی گەرماش لەو ماوەیەدا بە بەرزی و جێگیری ئەمێنێتەوە بەهۆی نەبوونی بارستە هەوای سارد و كاریگەری ئەو شێ و گەرمیەی روو دەكاتە ناوچەكە.
بەوتەی ئەو شارەزایە، لە كۆتایی هەفتەی ئایندەشدا رۆژی هەینی (25/2/2022) ئەگەری هاتنی شەپۆڵێكی مامناوەندی باران بارین هەیە لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرماو بارینەوەی بەفر لەناوچە شاخاویەكاندا.








