بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى به‌هاى پشكى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له هه‌رێم داده‌به‌زێنێت

ده‌رهێنانى نه‌وت و فرۆشتنى | فۆتۆ: EnRes Resources LLC
SNN
له‌دواى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى هه‌رێم پشكى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى كه له نه‌وتى هه‌رێمدا وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن رووى له داكشان كردووه، وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌ڵێت: كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه كه پابه‌ندین به رێككه‌وتنه‌كانمان له‌گه‌ڵیان.
رۆژى سێشه‌ممه 15ى شوبات، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق له‌دواى به‌دواداچوونكردن بۆ سكاڵاى ژماره 59ى ساڵى 2012 و داواى ژماره 110ى ساڵى 2019 كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق و عه‌لى شه‌داد فارس، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى به‌سره كرابوون بڕیاری به ناده‌ستوورى ناساندنى هه‌نارده و فرۆشتنى نه‌وت و غازى هه‌رێمى كوردستانى ده‌ركرد.
بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق كاردانه‌وه‌ى سیاسى جیاوازى به‌دواى خۆیدا هێنا له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ند، “حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ى به ناده‌ستوورى له قه‌ڵه‌مدا”، له‌سه‌ر ئاستى حزبیش مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه و بڕیاره‌كه‌ى به هه‌وڵێك له‌دژى قه‌واره‌ى هه‌رێم ناوبرد، هاوكات ئه‌مین بابه شێخ، وته‌بێژى یه‌كێتيى نیشتمانيى كوردستان له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند: “وێڕای پاراستنی بنەماکانی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، دەبوایە لەم بڕیارەدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرایە”، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى كاردانه‌وه‌ى پارت و لایه‌نه‌كانى تر‌ى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كه بۆچوونى خۆیان له‌و باره‌یه‌وه ده‌ربڕیووه و بۆچوونه‌كانیان زۆركات دژ به یه‌كن.
كاردانه‌وه ئابوورییه‌كانى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق كاریگه‌رتر و قورسترن له كاردانه‌وه سیاسییه‌كان، چونكه له‌دواى ئه‌م بڕیاره‌وه كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێم كه‌وتووه‌ته كێشه‌یه‌كى ئابوورى گه‌وره‌وه كه رێگه‌ى به‌ره‌وپێشچوون یان پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى نییه و پشكى ئه‌و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى كه وه‌به‌رهێنان له نه‌وتى هه‌رێمدا ده‌كه‌ن داكشانى به‌خۆیه‌وه بینیووه.
كۆمپانیاى (DNO)ى نه‌رویجى یه‌كێكه له‌و كۆمپانیایانه‌ى كه به‌هاى پشكه‌كانى دابه‌زیووه و ته‌نیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه به رێژه‌ى 1.24% به‌هاى پشكه‌كانى دابه‌زیووه، كۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى كه كارى وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى غازى سروشتی‌دا ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى پشكه‌كانى به رێژه‌ى 2.79% له‌ده‌ستداوه. هاوكات كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبیلى ئه‌مریكى به‌ڕێژه‌ى 0.32% به‌هاى پشكه‌كانى دابه‌زیووه. كۆمپانیاى تۆتاڵى فه‌ڕه‌نسى یه‌كێكى تره له‌و كۆمپانیایانه‌ى كه زیانى پێگه‌یشتووه و به‌هاى پشكه‌كانى به‌ڕێژه‌ى 0.99% دابه‌زیووه. كۆمپانیاى گنه‌ڵ ئینێرجى توركیش به‌هه‌مانشێوه پشكه‌كانى دابه‌زیوون و به رێژه‌ى 2.45% نرخى پشكه‌كانى هاتووه‌ته خواره‌وه. كۆمپانیاى گڵف كیستۆنیش بێبه‌ش نییه له‌م داكشانه‌وه و ئه‌مڕۆ به به‌هاى 1.60% پشكه‌كانى داكشانیان به‌خۆیانه‌وه بینووه.
داكشانى به‌هاى پشكى ئه‌م كۆمپانیایانه حكومه‌تى هه‌رێمى هێنایه ده‌نگ و له‌و باره‌یه‌وه ئه‌مڕۆ جوتیار عادل، وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند: “كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه كه پابه‌ندین به سه‌رجه‌م رێككه‌وتنه‌كانمان له‌گه‌ڵیان، گومان له هیچ هه‌نگاو و بڕیار و ره‌فتارێكى خۆمان ناكه‌ین له‌گه‌ڵیان، چونكه ئه‌و بڕیارانه‌ى كه داومانه ده‌ستوورى و یاسایین، هاوكات له‌گه‌ڵ به‌غدا له ئێستادا له گفتوگۆداین”.
هاوكات دوێنێ چوارشه‌ممه 16ى شوبات، ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌باره‌ى بۆچوونى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى له راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، “پرۆسه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم به‌رده‌وامه و كڕیاره‌كانى نه‌وتى هه‌رێم چاوه‌ڕێده‌كه‌ن ئه‌و پرۆسه‌یه به‌رده‌وام بێت و گرفتى بۆ دروستنه‌بێت”.
یه‌كێكى تر له كاریگه‌رییه‌كانى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى عێراق بریتیه له قاچاخبوونى نه‌وتى هه‌رێم له بازاڕه‌كانى جیهاندا كه له ئێستادا كۆمپانیاكانى بوارى نه‌وت هه‌ستیان به مه‌ترسیی گه‌وره‌ى ئه‌م بابه‌ته كردووه.
له‌و باره‌یه‌وه شیروان میرزا، شارەزای كاروباری ئابووری و ئەندام لە لیژنەی دارایی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق به SNNى راگه‌یاند: “ئەگەر حكومەتی عێراق گرفتی دیكە و فشاری زیاتر لەسەر حكومەتی هەرێم دروست نەكات، بەوەی كە داوا لە كۆمپانیاكان بكات نەوتی هەرێم نەكڕن ئەوا گرفتێكی ئەوتۆ بۆ حكومەتی هەرێم دروست نابێت، بەڵام ئەگەر حكومەتی عێراق داوا لەو وڵاتانە بكات كە نەوتی هەرێم دەكڕن چیدیكە نەوتەكەی نەكڕن ئەوا بەدڵنیاییەوە گرفتێكی زۆر گەورە رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە”.
هه‌رچه‌نده تاوه‌كو ئێستا بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى به فه‌رمى نه‌چووه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام له كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراقدا مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق وه‌زاره‌تى نه‌وتى راسپارد كه ئاماده‌كارى بكات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى دۆسییه‌ى نه‌وت له حكومه‌تى هه‌رێم.







