“هاوپه‌یمانى سێقۆڵى پاشه‌كشه‌ى تێدا به‌دیده‌كرێت”

0
658

SNN – عەلی حەمە سەعید
چاودێرێكى سیاسى رایده‌گه‌یه‌نێت: سیاسه‌تكردن به‌ ئاراسته‌ى بچووككردنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان كارێكى ته‌ندروست نییه‌، راوێژكارێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتيى نیشتمانيى كوردستانیش ده‌ڵێت: “هاوپه‌یمانى سێقۆڵى یه‌كێتى و حه‌لبوسى و سه‌در جۆرێك له‌ پاشه‌كشه‌ى تێدا به‌دیده‌كرێت”.

رۆژى سێشه‌ممه‌ 15ى شوبات، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق له‌دواى به‌دواداچونكردن بۆ سكاڵاى ژماره‌ 59ى ساڵى 2012 و داواى ژماره‌ 110ى ساڵى 2019 كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق و عه‌لى شه‌داد فارس، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى به‌سره‌ كرابوون بڕیاری به‌ ناده‌ستوورى ناساندنى هه‌نارده‌ و فرۆشتنى نه‌وت و غازى هه‌رێمى كوردستانى ده‌ركرد. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدابوو كه‌ هاوپه‌یمانیه‌تى له‌نێوان محه‌مه‌د حه‌لبوسى و موقته‌دا سه‌در و پارتى دیموكراتى كوردستاندا هه‌بوو و ئه‌و سێ لایه‌نه‌ چووبوونه‌ نێو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كى سیاسییه‌وه‌.

هاوكات هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتيى نیشتمانيى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌ك دوو هێزى كوردى له‌ ململانێى سیاسى ئه‌وه‌دا بوون كه‌ كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمارى عێراق سه‌ربخه‌ن و تا ئێستاش ئه‌و دوو هێزه‌ له‌و ململانێیه‌ به‌رده‌وامن، پارتى دیموكراتى كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كاندیدى بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌بێت له‌كاتێكدا ئه‌و پۆسته‌ له‌ ساڵى 2003ه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا ئیستیحقاق (شایسته‌)ى یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستانه‌. لێكه‌وته‌كانى ئه‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ى كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دروستبووه‌ به‌تایبه‌تیش شێوازى سیاسه‌تكردنى پارتى دیموكراتى كوردستان بووه‌ته‌ جێگه‌ى سه‌رنجى چاودێرانى سیاسى.

له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشڕه‌و وه‌یسى، چاودێرى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ SNNى راگه‌یاند: “له‌ ماوه‌ى رابردوودا هه‌موومان بینیمان هێزێكى گه‌وره‌ى وه‌ك ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى له‌و لایه‌نه‌ كرد كه‌ ماڵى شیعه‌ په‌رته‌وازه‌ بكات، بێگومانیش كاتێك هێزێكى وه‌ك ئێران هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات و پێى وایه‌ په‌رته‌وازه‌كردنى ماڵى شیعى هێڵى سووره‌ ئه‌نجامه‌كان بۆ ئه‌و هێزه‌ى ئه‌م كاره‌ ده‌كات باش نابێت، ئێمه‌ هه‌مووشمان ده‌زانین ئێران وڵاتێكى زلهێزه‌ به‌ به‌راورد به‌ هێزه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ناكرێت به‌راورد بكرێن ئه‌م دوو هێزه‌ به‌یه‌كه‌وه‌”.

وتیشى: “له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ باشترین مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ هێزانه‌ و له‌م جۆره‌ هاوكێشانه‌دا بریتیه‌ له‌ به‌كارهێنانى رێگاى لۆژیكى و نه‌رم، بۆیه‌ پێویستبوو ئێمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ سیاسه‌ت بكه‌ین، چونكه‌ رێگه‌ى دروست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانیه‌وه‌ به‌ به‌هێزى بمێنێته‌وه‌ و رۆژ به‌ رۆژ گه‌شه‌ بكات”.

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ باس له‌ مه‌ترسییه‌كانى به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سیاسه‌تكردن ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، “پێویستبوو ئێمه‌ به‌مشێوه‌یه‌ى كه‌ باسمانكرد سیاسه‌ت بكه‌ین، نه‌وه‌ك سیاسه‌ت به‌ ئاراسته‌یه‌ك بكه‌ین كه‌ رۆژ به‌ رۆژ مافه‌كانمان لێ زه‌وت بكه‌ن و هێزى هه‌رێمى كوردستان كه‌متر بكه‌نه‌وه‌”.

یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ ئێستا له‌ مه‌یدانى سیاسى عێراقدا هه‌ستیپێده‌كرێت بریتیه‌ له‌ پاشه‌كشه‌ى هاوپه‌یمانیه‌تى سیاسى نێوان موقته‌دا سه‌در، محه‌مه‌د حه‌لبوسى و پارتى دیموكراتى كوردستان.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕێزان شێخ دلێر، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نيشتمانیی كوردستان بۆ SNNی ده‌ڵێت: “ئەو هاوپەیمانییه‌تیه‌ى كە لە نێوان پارتی و حەلبوسی و سەدرییەكان هەبوو، لە ئێستادا بەو بەهێزییە نابیندرێت كە لەسەرەتادا هەبوو، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، هاوكات كوتلەكانی سەدر و حەلبوسیش رایانگەیاند كە دەبێت هەمووان پابەندبن بە بڕیارەكانی دادگاوە”.

به‌ وته‌ى ڕێزان شێخ دلێر، “بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وا لە موقتەدا سەدر دەكات كە كەمتر مامەڵە لەگەڵ پارتی بكەن، لەكاتێكدا ئەوان پێشتریش سووربوون لەسەر ئەوەی كە دەبێت بریارێكی لەوجۆرە بدرێت و لەكاتی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەش هەمان داواكارییان هەبوو، ئەوەش دەبێتە كێشەیەكی دیكە لە نێوانیان بەتایبەت لە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار”.

ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسی یه‌كێتى باس له‌وه‌شده‌كات: “لەدوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، هاوكات كاندیدكردنی ڕێبەر ئەحمەد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار بەجۆرێك لەجۆرەكان جارێكی دیكە پاشەكشەی سەدرییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە لەگەڵ پارتی، چونكە سەدرییەكان پێیان باش بوو كەسێكی بەئەزموون و شارەزا ببێتە سەرۆككۆمار”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this