ماوەی 34ساڵە تەرمی 763 شەهیدی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ئێرانن و داوای هێنانەوەیان دەكرێت

0
1488

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ نزیك بوونەوە لەیادی 34 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و لەماوەی ئەو 34 ساڵەدا 763 برینداری چەكی كیمیایی هەڵەبجە لە ئێران شەهید بوون و تائێستاش تەرمەكانیان لەو وڵاتە نەهێنراوەتەوە، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمبارانی هەڵەبجەش ئاماژە بەوەدەكات چەندین ساڵە داوای هێنانەوەی تەرمی ئەو شەهیدانە دەكەین كەس گوێمان بۆ ناگرێت.
 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەی 34 ساڵە تا ئێستا تەرمی 763 شەهیدی كیمبارانی هەڵەبجە لە چەند شارێكی ئێران ماونەتەوە و نەتواندراوە بهێندرێنەوە بۆ هەڵەبجە لەكاتێكدا ئەو شەهیدانە بە برینداری خۆیان گەیاندبوویە شارەجیاوازەكانی ئێران بەڵام بەهۆی سەختی بینەكانیانەوە لە نەخۆشخانەكانی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا و هەر لەوێش بەخاك سپێردراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە زانیاری تەواومان لەسەر تەرمی ئەو شەهیدانەی كیمیابارانی هەڵەبجە هەیە كە لە ئێرانن، بەجۆرێك كە ژمارەیەكیان لە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی كوردستان بەخاك سپێردراون و بەشێكیان لە شاری كرمان و بەشێكی دیكەشیان لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران بەخاك سپێردراون و كەسوكارەكانیشیان چەند جارێك سەردانی گۆڕەكانیان كردوون بەڵام داواكارن كە تەرمەكانیان بهێندرێتەوە بۆ هەڵەبجە.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، چەندین ساڵە لە چەندین كابینەی حومەتی هەرێم داوامان كردووە بۆ هێنانەوەی تەرمی ئەو شەهیدانە، بەڵام حكومەت ئەو بابەتەی بەلاوە گرنگ نییە و وەڵاممان نادەنەوە لەكاتێكدا ئەوە لەهەر وڵاتێكی دیكەدا بوایە زۆر بەگرنگییەوە وەك بەڵگەیەكی تاوانی كیمباران مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this