“له‌ بێپاره‌یدا كرێكاره‌كانمان ناردوونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ بۆیه‌ خاشاك كۆناكه‌ینه‌وه‌”

0
683

SNN – عەلی حەمە سەعید
بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، جارێكی دیكە كۆمپانیاكانی تایبەت بە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، مانگرتنیان له‌ كاركردن راگەیاند، سه‌رپه‌رشتیارى یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكانیش ده‌ڵێت: “له‌ بێپاره‌یدا كرێكاره‌كانمان ناردوونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ بۆیه‌ خاشاك كۆناكه‌ینه‌وه‌”.

ئاری بەكر، سەرپەرشتیاری گشتی كۆمپانیای خالید شینكی، تایبەت بە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە زۆنی سلێمانی بە SNNی راگەیاند: “دوای ئەوەی لە مانگی رابردوودا بەهۆی پێنەدانی دەرماڵە و شایستە داراییەكانمانه‌وه‌ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەستمان بە مانگرتن كرد، دواتر بەڵێنی ئەوەمان پێدرا كە تا سەرەتای مانگی ئازار گرفتەكانمان بۆ چارەسەر دەكرێت و پارەی پێویستمان بۆ دابیندەكرێت، بەڵام ئەمڕۆ كە سەرەتای مانگی ئازارە تا ئێستا ئەو بەڵێنانەی كە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە پێمان دراوە جێبەجێنەكراون ئێمە ناتوانین لەوەزیاتر درێژە بەكارەكانمان بدەین و كاركردنمان راگرتووە و كرێكارەكانمان ناردووەتەوە ماڵەوە”.

وتیشى: “زیاتر لە پێنج مانگە سەرجەم كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك گرفتی دابیننەكردنی شایستە داراییەكانمان هەیە و حكومەتیش جددی نییە لە چارەسەركردنی گرفتەكانماندا”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمپانیاى خالید شینكى ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: “ماوەی پێنج مانگە هیچ دەرماڵە و پاداشتێكمان بۆ خەرجنەكراوە، بەو هۆیەشەوە هەر سێ كۆمپانیاكانی پاككردنەوە له‌ سلێمانى: شكار، هەرێم و خالید شینكی بایكۆتی تەواوەتیمان راگەیاندووە و لە ناوەندی سلێمانی و سەرجەم قەزا و ناحیەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی هیچ كارێكی پاككردنەوە و كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك ئەنجام ناده‌ین تاوه‌كو وەڵامی داواكارییەكانمان دەدرێتەوە”.

بەهەمان هۆكار هەر ئەمڕۆ كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دەستیان بە مانگرتن كرد لە كارەكانیان، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كە كۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ كۆمپانیاكانی پاككەرەوەی سلێمانی تەرخانكراوە یەك ملیار و 250 ملیۆن دینارە، بەڵام لەئێستادا ئەو پارەیە خەرجناكرێت، هاوكات حكومەت خۆی پارەی خۆڵ و خاشاك لە هاووڵاتییان و كاسبكاران وەردەگرێت.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this