“له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانداین”

0
677
لۆگۆى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمەسەعید
لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین یاساى هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێته‌وه‌، ده‌شڵێت: “هه‌رچى له‌سه‌ر شانى ئێمه‌ بێت بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌ زیاده‌وه‌ ده‌یكه‌ین”.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رۆژى 1ى تشرینى یه‌كه‌مى 2022ى دیاریكرد وه‌ك رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى شاندى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى كرد بۆ زانینى هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “ئێمە لە یەكێتی هه‌میشه‌ لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لەوادەی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش هەر ئەركێك لەسەر شانی بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە زیادەوە ئەنجامی دەدات، بەڵام دەبێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن گرفتەكانی بەردەمى چارەسەر بكرێن”.

له‌باره‌ى بۆچوونى حزبه‌كه‌ى له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: “ئێمە لە یەكێتيی نیشتمانيی كوردستان داوامان كردووە یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكرێتەوە بە جۆرێك كە لەگەڵ دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان بگونجێت، زۆرینەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەیە و داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان دەكەن”.

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتيی نیشتمانيی كوردستان له‌باره‌ى به‌سه‌رچوونى ماوه‌ى یاسایی كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌: “جگە لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان پێویسته‌ بابەتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش یەكلایی بكرێتەوە، چونكە لە ئێستادا ئەو كۆمسیۆنە ماوەی یاسایی بەسەرچووە و لەڕووی یاساییەوە ناتوانێت بە ئەركی خۆی هه‌ڵبستێت و هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدات، بۆیە دەبێت یان ماوەی كۆمسیۆن درێژبكرێتەوە یاخود كۆمسیۆنێكی نوێ دیاریبكرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this