“ئەو عەرەبانەی هێرشدەكەنە سەر جوتیارە كوردەكان زۆرینەیان نیشتەجێی هەولێرن”

0
315

SNN-عەلی حەمە سەعید
بریاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات، حكومەتی هەرێم بێباكە لە ئاست ئەو ستەمەی بەرامبەر بە جوتیارانی كورد دەكرێت لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەش بەشێكی زۆری ئەو عەرەبانەی كە هێرش دەكەنە سەر جوتیارانی كورد لە سنووری پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی دیكە نیشتەجێی پارێزگای هەولێرن و بە ئارامی لەوێ‌ نیشتەجێبوون.

عەبدولناسر ئەحمەد، بریاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەSNNی ڕاگەیاند: بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەت جوتیارانی ئەو سنورانە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی عەرەبە هاوردەكاندان بوون، لە ئێستاشدا جارێكی دیكە سیاسەتێكی دژ بە جوتیارانی كورد گیراوەتەبەرو هێرشیان دەكرێتە سەر، بەجۆرێك ئەو عەرەبانەی هێرشەكان ئەنجام دەدەن زۆرینەیان لەهەولێر نیشتەجێبوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كوردانەی لەو ناوچە كوردییەكان ماونەتەوە لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە هەڕەشەیان لێدەكرێت بەتایبەت لە ئێستادا كە هەوڵێكی جدی هەیە بۆ دووبارە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق، بەڵام بەهاوكاری سوپای عێراقی، حەشدی شەعبی و بەهاوكاری جووتیارە هاوردەكان دێنە سەر جووتیارە كوردەكان و ناهێڵن زەوییەكانیان بكێڵن و هەوڵدەدەن دەریان بكەن، حكومەتی هەرێمیش خۆی بێدەنگ كردووە لەو پرسە.

بریاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ئەوكوردانەی كە لە و ناوچانە ماونەتەوە بەتایبەت سنوری داقوق و حەفتەغار و ناوچەكانی دیكە لە ئازایەتی خۆیانە، كە بەرگری لە خۆیان دەكەن و قوربانییان بە خۆیان داوە، نەك ئازایەتی حكومەتی هەرێم، چونكە لە هەولێرەوە عەرەبی هاوردە هێرش دەكەنە سەر جووتیارە كوردەكان، زۆربەی سەرۆك عەشیرەتەكان لە هەولێر و مەخمورەوە براون و بۆ ئەوەش لایەنێكی كوردی هاوكاریان دەكات بۆئەوەی لەو سنورانە كێشە و ئاژاوە دروست ببێت و ئەو ناوچانەش هەرگیز نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this