سەردانی مەسرور بارزانی بۆ فەرەنسا پەیوەندی سکاڵاکەی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە هەیە

0
359

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی ( مەسرور بارزانی) سەرۆكی حکومەتی هەرێم پێنج شەممەی ڕابردوو سەردانی فەرەنسای كرد و لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبوویەوە، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم باس لە هۆكاری ئەو سەردانە دەكەن كە بەشێكی پەیوەندی بە دۆسیەی سكاڵاكەی پاریسەوە هەیە لەسەر دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، هاوكات شارەزایانی بوارەكەش جەخت لەوەدەكەنەوە بە یەكلایی كردنەوەی ئەو دۆسیەیە كۆتایی بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو، سەردانەكەی ڕۆژی پێنج شەممەی (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حکومەتی هەرێم بۆ فەرەنسا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ( ئیمانوێڵ ماكرۆن) سەرۆكی ئەو وڵاتە پەیوەندی بە چەند پرسێكی تایبەت هەرێمی كوردستان و عێراقەوە هەبووە، یەكێك لە بابەتەكان كە گفتوگۆی لەبارەوە كراوە ئەو دۆسیەیە كە لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە پاریس لەلایەن عێراقەوە سكالا لەسەر توركیا تۆماركراوە و بڕیارە لەم نزیكانە جارێكی دیكە دادبینی لەو دۆسیەیە بكریتەوە، سەرۆكی حکومەتی هەرێمیش داوای لەسەرۆكی فەرەنسا كردووە لای خۆیەوە ڕۆڵ بگێرێت بۆ ئەوەی بەلایەنی كەم لەم ساڵیشدا ئەو دۆسیەیە نەخرێتە بەرباس.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و شارەزا لەكاروباری دارایی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو سكاڵایەی عێراق لە دادگای پاریس تۆماری كردووە لە دژی توركیایە، چونكە ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان توركیا و عێراق كراوە بۆ فرۆرشتنی نەوتی عێراقە لەڕێگەی بۆری نێوان عێراق توركیا، بەڵام توركیا پێشێلی ئەو ڕێككەوتنەی كردووە و نەوتی هەرێمی كوردستانی بەو بۆرییە فرۆشتووە لەكاتیكدا تەنها عێراق مافی هەیە نەوت بەو بۆرییەدا بفرۆشێت و توركیاش ئەمنیەتی ئەو بۆرییە بپارێزێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا ئەنجامی ئەو سكاڵایە ئەوەیە كە لە %100 لەبەرژەوەندی عێراق یەكلایی بووەتەوە دەبێت توركیا بڕی 25 ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە، بەڵام بابەتەكە لێرەدایە ئایا توركیا دەچێتە ژێرباری دانەوەی ئەو قەرەبووە بە عێراق یان هەرێمی كوردستان ناچار دەكات بە پێبژاردنی ئەو قەرەبووە، كە بەدڵنیاییەوە پێناچێت توركیا ئامادە بێت بچێتە ژێرباری ئەو پارە زۆرەوە.

ئەو شارەزایەی بواری دارایی و ئابووری ئەوەشی خستەڕوو، یەكلایی كردنەوەی ئەم دۆسیەیە لەبەرژەوەندی عێراق كاریگەری زۆر خراپ بەسەر ئابووری هەرێم و هەروەها فەرمانبەرانی كوردستان جێدەهێڵێت، چونكە لەلایەك فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەرێگەی ئەو بۆرییەوە ڕادەگیرێت و لەلایەكی دیكەشەوە هەرێم دەخاتە ژێر باری پێدانەوەی بڕە پارەیەكی زۆر كە لە توانایدا نییە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this