“سەرۆكی حكومەت بەقسە هیچی نەهێشتووەتەوە و كوردستانی كردووەتە بەهەشت “

0
313

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات ئەم كابینەی حكومەتی هەرێم بەقسە هیچی نەهێشتووەتەوە و هەرێمی كوردستانی كردووەتە بەهەشت، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەندە بەڵێنی ناڕاست بەهاووڵاتیان دراوە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە وەك مەلەوانە درۆزنەكەی لێهاتووە و بەڵێنە راستەكانیش بەدرۆ دەزانن، جەختیش دەكاتەوە جێبەجێكردنی پرۆژە تەنها ڕیزكردنی ژمارە نییە بەڵكوو دەبێت بەكردار پارەی بۆ دابینبكرێت.

عەبدولناسر ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی راگەیاند: قسەكردن لەسەر تەرخانكردنی بڕە پارە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری بە كەسێك دەكرێت كە بەڕاستی خاوەن بڕیاری ڕاست بێت و تەنها فەرماندەركردن نەبێت، یاخود تەنها ڕیزكردنی ژمارە نەبێت بە تەرخانكردنی پارە وەك ئەوەی ئێستا سەرۆكی حكومەت دەستیداوەتێ‌ و ناوبەناو فەرمان دەردەكات بە تەرخانكردنی بڕێك پارە بەڵام لەڕاستیدا هیچ بڕە پارەیەك بوونی نییە و تەنها قسەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆكی حكومەت بە قسە هیچی نەهێشتووەتەوە و هەرێمی كوردستانی كردووەتە بەهەشت، لەكاتێكدا تەنها بەڵێنی ناڕاست بەهاووڵاتیان دەدرێت، ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانییە ئەوەیە كە لە ئێستادا تەنها سەرۆكی حكومەت نییە ئەم سیاسەتەی گرتووەتە بەر، بەڵكوو وەزیرەكانی پارتیشی فێری ئەو فێڵە كردووە دەچن دەستدەكەن بە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی وەهمی و دواتر پرۆژەكە بوونی نییە و تەنها بۆ موزایەدە ئەو كارە دەكەن وەك ئەوەی لە سنووری گەرمیان بە فەرمانی سەرۆكی حكومەت دەیان پرۆژەی خزمەتگوەزاری جێبەجێكراون بەڵام لەڕاستیدا ئەم پرۆژانە بوونیان نییە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان درۆكردن سزای زۆر قورسی بۆدانراوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی باڵای ئەم كابینەیەوە بەدرۆ حكومەت بەڕێوەدەبرێت و شانازیشی پێوەدەكەن بەڵام لای هەمووان ئاشكرایە پەتی درۆ كورتە وەك ئەوەی لەڕابردوودا بینیمان سەرۆكی حكومەت بانگەشەی ئابوری سەربەخۆی دەكرد بەڵام ئێستا بۆخۆی دەپاڕێتەوە لە عێراق نەوتەكەیان لێوەربگرن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this