” لە پرۆژەیاسای بودجەدا شانبەشانی مووچەی فەرمانبەران هەڵەبجەشمان لەبیرنەكردووە”

0
328

SNN-عەلی حەمەسەعید
ئەندامیكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات وەك وەفایەك بۆ ئەو قوربانیدانەی كە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە داویانە و پێشتریش وەك فراكسیۆنی یەكێتی بەڵێنمان پێدابوون كە بیریان ناكەین لە بابەتی بەپارێزگاكردن و دابینكردنی بودجەی تایبەت بەو پارێزگایە، توانیومان لە برگەیەكی مادەكانی 13 و 14ی تایبەت بە پشكی كورد شانبەشانی مووچەی فەرمانبەران حكومەتی هەرێم ناچار بكەین پرۆژەی گرنگ لەو پارێزگایە ئەنجام بدات.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی راگەیاند: هەر لە سەرەتای دەستكردن بە گفتوگۆكانی تایبەت بە بڕگەومادەكانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق سێ داواكاریی سەرەكیمان هەبوو كە مەبەستمان بوو جێگیر بكرێن، كە بریتی بوون لە دانەوەی پاشەكەوتی مووچە و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پەیوەست نەكرێت بە ناكۆكیی سیاسییەوە و داوای سێیەممان پەیوەست بوو بە پارێزگای هەڵەبجەوە چونكە نەماویت بابەتی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە تەنها ناو نەبێت بەڵكوو دەبێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بودجەیەكی بۆ تەرخان بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ئێمە مەبەستمان بوو لە پرۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بكرێت ئەوەبوو كە دەمانەوێت هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكرێت لەناویشاندا پارێزگای هەڵەبجە، بەتایبەت لە بابەتی بودجەدا، بۆیە بەلامانەوە سەیرە ئەو ناڕەزایەتییانە دروستبوون، دواكارییەكانی ئێمە رەوایە و لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق 16 تریلیۆن دینارە لە كۆی قەبارەی بودجەكە، كە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە هاوكات پەیوەست بە مووچەی پاشكەوتكراوی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بڕگەیەدا ئەوە جێگیركراوە كە دەبێت مانگانە لە %10ی پاشەكەوتی مووچەكانیان بۆ خەرجبكرێتەوە تا تەواوی پاشەكەوتەكانیان لای حكومەت تەواودەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this