عێراق پێداچوونەوە بە كاری دەروازە سنوورییەكان دەكات و هەرێمیش پێشوازی لێدەكات

0
416

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ پێداچوونەوە بە كاری دەروازە سنوورییەكان بڕیارێكی گرنگە چونكە تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەكان ژمارە (30 ساڵی 2016)هەیە و دەبێت ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە و ئێمەش بەشداربین لە داڕشتنی سەرجەم بڕیار و راسپاردەكانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەكان.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم بە SNNی راگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە بارەی دەروازە سنوورییەكانەوە، بڕیار و هەنگاوێكی گرنگە ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دادەنیشین و لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكەین، بۆ ئەوەی وەك سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان قسەمان یەك بێت و دەروازەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقی پێشبخەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرنج و تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەكان ژمارە (30 ساڵی 2016) هەیە لە رووی پێكهاتە و شێوەی داڕشتنی یاساكە تێبینمان هەیە لە رووی دەستووری، یاسایی و كارگێڕییەوە، پێشتر یاساكەمان رەتكردووەتەوە، بەڵام ئێستا دەكرێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت و  یاساكە هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەومەبەستەش لە ماوەی مانگێكدا دەتوانرێت راپۆرتێكی باش ئامادە بكرێت و چی لە بەرژەوەندی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێین.

وتەكانی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لە كاتێكدایە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەدواین كۆبوونەوەی خۆی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی دا بە سەرۆكایەتیی وەزیری پلاندانان و ئەندامییەتی هەریەك لە وەزیرانی ناوخۆ، ئاوەدانكردنەوە، خوێندنی باڵا، داد و وەزیرانی ناوخۆ و دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و چەند لایەنێكی دیكەی پەیوەندیدار، ئەوەش بە مەبەستی پێداچوونەوە بە رێكارەكانی یەكخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان و پێداچوونەوە بە میكانزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەكان ژمارە (30 ساڵی 2016) و هەمواركردنەوەی لەگەڵ پێشنیازی چارەسەری پێویست.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this