لەبارەی دابەشكردنی گۆشت و مریشك لەبەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان روونکردنەوە دەدرێت

0
7203

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری بەشەخۆراكی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات بۆ مانگی رەمەزان چوار ماددەی دیكەی خۆراكی بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاد دەكرێن، هاوكات لەڕاگەیاندنەكانەوە باس لە دابەشكردنی گۆشت و مریشكیش دەكرێت بەڵام تا ئێستا ئەوە نەبوووتە بڕیاری فەرمی جەختیش دەكاتەوە كە هەر مادەیەكی نوێ‌ لە عێراق دابەشبكرێت هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

كامەران فاتیح، بەڕێوەبەری بەشە خۆراكی پارێزگای سلێمانی، بەSNNی راگەیاند: دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بەردەوامی هەیە و بۆ مانگی ڕەمەزانیش بەدەر لەو مادانەی كە مانگەكانی پێشوو دابەشكراون چوارمادەی دیكەی خۆراكی زیاد دەكرێن كە بریتین لە نیشاستە و ئاردی سفر و شعریە و مەعكەرۆنی، بەدەر لەومادە خۆراكییانەش مادەكانی برنج و زەیت و دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەیەكە لەلایەن هاووڵاتیانەوە باس لە زیادكردنی گۆشتی سور و مریشك و هێلكە دەكرێت بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمیمان پێنەگەیشتوە و ئەوەی هەیە تەنها لە راگەیاندنەكانەوە باسدەكرێت و هەركات بوو بە بڕیاری فەرمی هاووڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە.

بەڕێوەبەری بەشەخۆراكی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، هەر مادەیەكی نوێ‌ بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاد بكرێت لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق بە هەمان شێوە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و هەر خۆراكێكیش بە نرخی پاڵپشتیكراو بدرێتە هاووڵاتیان هەوڵدەدەین هاووڵاتیانی هەرێمی كردستانیش لێی سودمەند ببن.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this