“ناكرێت به‌ناوى پێكهاته‌وه‌ بچیته‌ په‌رله‌مان و به‌رگریی له‌ حزبێكى سیاسى بكه‌يت له‌وێ”

0
638
ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید، ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمەسەعید
ئه‌ندامێكى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌شێك له‌ پێكهاته‌كانى كوردستان له‌ هه‌ركه‌س زیاتر هۆكارن بۆ نه‌هێشتنى كورسى كۆتاكان، ده‌شڵێت: “كەسانێك بەناوی نوێنەری پێكهاته‌كانه‌وه‌ دەچوونە پەرلەمانی كوردستان هێندە نوێنەرایەتی پارتییان دەكرد هێندە نوێنەرایەتی پێكهاتەكەی خۆیانیان نەدەكرد”.

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 22ى شوبات، دواى 11 جار كۆبوونه‌وه‌ و دواخستنى دادگاییه‌كه‌، دادگاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا له‌سه‌ر سكاڵایه‌كى زیاد جه‌بار، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتيى نیشتمانيى كوردستان كه‌ دژى هه‌بوونى كورسى كۆتاكان و شێوازى یه‌ك بازنه‌یی تۆمارى كردبوو، دادگاكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى زیاد جه‌بار بڕیاره‌كانیدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى 11 كورسى پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و گۆڕینى سیستمى هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بۆ فره‌ بازنه‌یی.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 23ى شوبات، ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بە SNNی راگەیاند، “بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتان لە پەرلەمانی كوردستان هێندە خودی پێكهاتەكان لێی بەرپرسن هیچ كەسێكی دیكە لێی بەرپرس نییە، چونكە هەر ئەوان بوون كە بە دەنگێكی كەم بەناوی نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی كوردستانەوە دەچوونە پەرلەمان، بەڵام نوێنەرايەتی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دەكرد”.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى، لێره‌ به‌داواوه‌ پێكهاته‌كان چۆن ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تى خۆیان بكه‌ن له‌نێو په‌رله‌مان؟ ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید وتى: “پێكهاتەكانیش هاووڵاتی ئەم عێراق و هەرێمی كوردستانەن، دەكرێت ئەوانیش لەڕێگەی حزبەكانەوە نوێنەری خۆیانیان هەبێت. پارتی ئەگەر بەڕاست خۆی بە دڵسۆزی پێكهاتەكان دەزانێت با لەسەر لیستی خۆی مەسیحی و توركمانەكان كاندید بكات. بەهەمان شێوە حزبەكانی دیكەش دەتوانن هەمان كار بكەن، بەڵام ئایا دەنگی پێویست بەدەستدەهێنن بۆ بوون بە پەرلەمانتار”؟!

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پێیوایه‌، “پێكهاته‌كان ده‌توانن خۆیان نوێنه‌رى خۆیان هه‌ڵبژێرن لێره‌ به‌دواوه‌”، و ده‌ڵێت :”ئەگەر توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان هێندە زۆرن با هاوشێوەی كەركوك لە چوارچێوەی حزبێكی سیاسیدا خۆیان كاندید بكەن و دەنگ بەدەستبهێنن، ئەوەش پرۆسەیەكی دیموكراتییە، بەڵام ناكریت بەناوی پێكهاتەوە نوێنەرایەتی حزبێكی سیاسییان پێبكرێت و بكرێنه‌ پەرلەمانتار”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this