بافڵ جەلال تاڵەبانی: پارتی هۆکاری دواکەوتنی حکومەتە و کەسیش شێوازی حکومڕانیی پێشووی ناوێت

0
9

SNN-

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕبەندی دێڵفی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئاشکرا دەکات و پەیامێکی توندیش لەبارەی شێوازی حکومڕانیی داهاتوو دەدات.

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و نێوەندگیری

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵێکی تایبەتدا لە دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە سلێمانی ڕایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و عەباس عێراقچی زۆر باش بووە و لە ئێستادا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران و واشنتۆن لەوپەڕی باشیدایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوشێوەی پاکستان ڕۆڵی نێوەندگیر ببینن و ببنە پردێک لە نێوان وڵاتاندا، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان بۆچوونی جیاوازیان بەرامبەر یەکدی هەیە.

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، بافڵ جەلال تاڵەبانی گەشبینی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پرۆسەکە بەردەوامە و سەرکەوتووە. سەرۆکی یەکێتی جەختی کردەوە کە هەوڵی تەواویان داوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەرکەوتوو بێت و دڵخۆشە بەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەرەو باشتربوون دەچێت. گوتیشی: “پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا باشە و هیوادارم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برا تورکەکانمان باشتر بکەین.”

پێکهێنانی حکومەت و ململانێ ناوخۆییەکان

لە ڕەخنەیەکی تونددا بۆ شێوازی حکومڕانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند کە “کەس حکومەتی پێشووی ناوێت” و جەختی کردەوە کە حکومەتێک دروست نابێت هاوشێوەی حکومەتی پێشوو بێت. ئاشکراشی کرد کە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم پەیوەندی بە هەندێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە. باسی لەوەش کرد کە پێویستیان بە ئاراستەیەکی نوێیە لە هەولێرەوە بەرەو بەغدا، چونکە بەغدا داوای ئەوە دەکات چۆن ڕێز لە هەرێم دەگرێت، بەو شێوەیەش ڕێز لە حکومەتی ناوەندی بگیرێت.

ستراتیژی ئاشتی و سەقامگیری

سەرۆکی یەکێتی پێیوایە دەرفەتی باش لەبەردەستە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر و پێویستە عێراق بە تەواوەتی سەقامگیر بێت. بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت پشوودرێژی هەبێت بۆ هێنانەکایەی ئاشتییەکی هەمیشەیی و ئەوان وەک یەکێتی هەوڵیان داوە ململانێکان کەم بکەنەوە. دووپاتیشی کردەوە کە تاوەکو وتوێژ و دیالۆگ بەردەوام بێت، دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دەبێت.

کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی

ئەمڕۆ شەممە 6-6-2026، دووەمین کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی دێڵفی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و ژمارەیەک لە بڕیاربەدەستانی باڵای جیهان لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد. کۆڕبەندەکە تایبەتە بە تاوتوێکردنی ئایندەی ئابووری، پرسی وزە و ئاڵنگارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و بڕیارە سبەینێش کارەکانی بەردەوام بێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this