ترەمپ: ئاگربەستەکەی هاوینی ڕابردوو لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو

0
13

SNN-

سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، رووبەڕووبوونەوەی ئێستای نێوانیان لەگەڵ ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت و ئاماژە بەوەش دەکات، ئاگربەستەکەی هاوینی ڕابردوو تەنها بەفیڕۆدانی کات بووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنگرانی پارتی کۆماری لە شاری کۆرینس لە ویلایەتی میسیسیپی—پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس کە بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران.

ترەمپ دەربارەی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ ڕایگەیاند: “ئەمریکا هیچ هەڵبژاردنێکی تری لەبەرامبەردا نەبوو، دەبوو ئەم کارە زۆر پێشتر ئەنجامبدرایە و ئەوەشی ئێستا ڕوودەدات زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت.“

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ڕێککەوتنەکانی پێشوو کرد و وتی: “ڕازی بووین لەسەر ئاگربەستێکی کورتخایەن کە زۆرم بە دڵ نەبوو، پێم وابوو بەفیڕۆدانی کاتە. ڕێگەمان دا چەند کەشتییەک لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕبن، چونکە دەمانویست باش بین، بەڵام تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، هەر بەفیڕۆدانی کات بوو.“

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی فراوان لە ناوچەکە بەردەوامن. لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی دووشەممە تاران میوانداریی دانوستاندنێکی چوارقۆڵیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە، پاکستان و تورکیا کرد بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان و دروستکردنی کەناڵی دیپلۆماسی.

لە لایەکی ترەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا هەوڵ دەدات مەرجی نوێ بۆ پێشنیازەکەی ئێران سەبارەت بە ئاگربەست و ڕێگەدان بە کردنەوەی گەرووی هورمز زیاد بکات.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this