هەڵبژاردنی گشتیی لە ئیسرائیل دەستیپێکرد و چارەنووسی سیاسیی نەتانیاهۆ یەکلادەکرێتەوە

SNN-
ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە، لە ئیسرائیل هەڵبژاردنی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 120 ئەندامی پەرلەمان دەستیپێکرد و نزیکەی 7.3 ملیۆن دەنگدەر بەشداری تێدا دەکەن؛ ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی لەکاتی خۆیەتی لە دوای چوار ساڵ لە دەسەڵاتی نەتانیاهۆ کە لە سایەی جەنگ و قەیرانەکاندا بەڕێوەدەچێت.
دوائ 19 ساڵ لە دەسەڵات؛ ئایا ئەمڕۆ کۆتایی بە سەردەمی نەتانیاهۆ دەهێنرێت؟
ئەمڕۆ سێشەممە، 7.3 ملیۆن دەنگدەری ئیسرائیلی ڕوودەکەنە سندوقەکانی دەنگدان؛ هەڵبژاردنێک کە چارەنووسی سیاسیی نەتانیاهۆ و هەژموونی ڕاستڕەوەکان بەسەر وڵاتەکەوە یەکلا دەکاتەوە.
لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، خەڵکی ئیسرائیل لە کەشێکی تەواو دابەشبوودا بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن. پڕۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر 7ی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و تا کاتژمێر 10ی شەو بەردەوام دەبێت.
لە هەڵبژاردنەکەدا سی و حەوت لیستی هەڵبژاردن کێبڕکێ دەکەن؛ بەڵام پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەنها نزیکەی یەک لەسەر سێیان ئەگەری هەیە بەربەستی هەڵبژاردنی 3,25% تێپەڕێنن کە پێویستە بۆ چوونە ناو کنێست.
ململانێی دوو بەرە: نەتانیاهۆ بەرامبەر ئایزنکۆت
کارتەکانی دەستی نەتانیاهۆی تەمەن 77 ساڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە زیاتر لە 19 ساڵە سەرکردایەتیی حکوومەت دەکات، هەڵمەتەکەی لەسەر ئەزموونی ئەمنی و پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بونیاد ناوە. نەتانیاهۆ جەخت دەکاتەوە کە تەنها ئەو دەتوانێت ئاسایشی وڵات بپارێزێت، بەتایبەت دوای ئەو جەنگانەی لە غەززە و باشووری لوبنان بەڕێوەی بردن و هێرشە ڕاستەوخۆکانی بۆ سەر ئێران بە هاوکاریی ئەمریکا.
گادی ئایزنکۆت تەمەن 66 ساڵی ڕکابەری سەرەکیی نەتانیاهۆ و سەرکردەی پارتی “یاشار”، بەڵێنی داوە لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتیدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ کەمتەرخەمییە ئەمنییەکانی 7ی ئۆکتۆبەر پێکبهێنێت. ئایزنکۆت، کە بەرەیەکی فراوانی لە هێزەکانی ڕاستڕەوی ناوەند تا چەپڕەوی ناوەند لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە، هەرچەندە دژی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینییە، بەڵام بەڵێنی داوە بە توندی بەرپەرچی توندوتیژیی نیشتەجێبووە یەهودییەکان بداتەوە.
ئۆپۆزسیۆن و قەیرانی خزمەتی سەربازی
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی ئەم هەڵبژاردنە، تووڕەیی ئۆپۆزسیۆنە لە هاوپەیمانێتیی نەتانیاهۆ لەگەڵ پارتە ئایینییە توندڕەوەکان (ئۆرتۆدۆکس). لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل بەدەست کەمیی هێزەوە دەناڵێنێت، هەوڵەکانی حکوومەت بۆ بەخشینی قوتابیانی پەیمانگا ئایینییەکان لە خزمەتی سەربازی، ڕەخنەی زۆر توندی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە.
هەڵبژاردنەکان بە ژمارە:-
ژمارەی دەنگدەران: 7.3 ملیۆن هاووڵاتی.
تەمەنی یاسایی: دەنگدان لە 18 ساڵییەوە دەستپێدەکات.
پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست): لە 120 کورسی پێکدێت.
کابینەی حکوومەت: بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە، بەلایەنی کەمەوە 61 کورسی پێویستە.
بەربەستی چوونە پەرلەمان (ڕێژەی یەکلاکردنەوە): 3.25%ی دەنگەکانە.
سەنگەکانی عەرەبی ناوخۆ: 21%ی دانیشتووان پێکدەهێنن و دەکرێت ببنە کارتی یەکلاکەرەوە لە هاوپەیمانییەکاندا.
ئەگەری داهاتوو: بەهۆی قورسیی بەدەستهێنانی 61 کورسی بە تەنیا، پێشبینی دەکرێت دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەت هەفتە یان مانگێک بخایەنێت، و لە حالەتی شکستی دانوستانەکاندا ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردن هەیە.
کێ دەنگ دەدات و کێ ناتوانێت دەنگ بدات؟
ئیسرائیلییە یەهودییەکان، عەرەبەکانی ناوخۆ (فەلەستینییەکانی 48)، و نیشتەجێبووانی ئیسرائیلی لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات مافی دەنگدانیان هەیە.
فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ زۆربەی ئەو ئیسرائیلییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین بێبەشن لە دەنگدان.
مێژووی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل
مێژووی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیلدا دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی (کنێست) کە لە 25ی کانوونی دووەمی ی 1949 بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی یەکەمین خولی پەرلەمانی وڵاتەکە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، ئیسرائیل سیستەمێکی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتیی رێژەیی لەسەر بنەمای یەک بازنەی هەڵبژاردن پەیڕەو دەکات، کە تێیدا سەرجەم خاکی وڵاتەکە یەک بازنە پێکدەهێنێت.
بە پێچەوانەی زۆربەی سیستەمە سیاسییەکانی جیهان، ئیسرائیل نەیتوانیوە حکوومەتی زۆرینەی سەقامگیر بۆ ماوەی تەواوی 4 ساڵی خولێک بهێڵێتەوە، ئەمەش وایکردووە هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بەردەوام پێشوەختە و زووتر لە کاتی خۆیان ئەنجام بدرێن. بۆ نموونە، لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2022، ئیسرائیل بە خولێکی بێوێنەی قەیرانی سیاسی تێپەڕی کە تێیدا 5 هەڵبژاردنی یەک بەدوای یەک لە ماوەیەکی کەمدا بەڕێوەچوون. ئەم پچڕپچڕی و زوو زوو ئەنجامدانی هەڵبژاردنانە دەگەڕێتەوە بۆ فرەیی پارتە سیاسییەکان و سیستەمی هاوپەیمانیی لاواز کە هەمیشە حکوومەتەکان دەخاتەبەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوە
More News
-
شەپۆلێکی بەهێزی باران و بەفر بارین عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
29 mins لهمهوپێش -
دەستەی ڕاگەیاندن دوو مەرج بۆ گەڕانەوەی کۆڕەک تێلیکۆم بۆ کارکردن دیاری دەکات
2 hours لهمهوپێش -
ترەمپ: ئاگربەستەکەی هاوینی ڕابردوو لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو
2 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
شەپۆلێکی بەهێزی باران و بەفر بارین عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
29 mins لهمهوپێش -
دەستەی ڕاگەیاندن دوو مەرج بۆ گەڕانەوەی کۆڕەک تێلیکۆم بۆ کارکردن دیاری دەکات
2 hours لهمهوپێش



