دەستەی ڕاگەیاندن دوو مەرج بۆ گەڕانەوەی کۆڕەک تێلیکۆم بۆ کارکردن دیاری دەکات

0
217

SNN-

سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بۆ کارکردن، دەبێت کۆمپانیاکە ئەستۆپاکی باج بهێنێت و قیستی یەکەمی قەرزەکانی کە 500 ملیار دینارە بدات.

بەلیغ ئەبو گەلەل، سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی هەڵوێستی فەرمیی دەستەکەی دەربارەی داهاتووی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم خستەڕوو و ڕایگەیاند، گەڕانەوەی کۆمپانیاکە بۆ کارکردن بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی دوو مەرجی سەرەکی.

مەرجەکانیش ئەمانەن:-

مەرجی یەکەم: هێنانی بڕوانامەی ئەستۆپاکی باج لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، بە شێوازێک کە وەزارەتەکە ڕەزامەندی لەسەر بەردەوامبوونی کارەکانی کۆڕەک دەربڕێت.

مەرجی دووەم: دانانی قیستی یەکەمی ئەو قەرزانەی کە لەسەر کۆمپانیاکەن؛ دەستەکە داوای زیاتر لە 2 تریلیۆن دینار لە کۆڕەک دەکات، بەڵام ئامادەیە بە وەرگرتنی چارەکی قەرزەکە کە دەکاتە 500 ملیار دینار وەک قیستی یەکەم، گرێبەستێکی نوێی لەگەڵدا ئیمزا بکات و ئەوەی دەمێنێتەوە بە قیست بۆ ڕێکبکاتەوە.

سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان جەختی کردەوە: “ئەگەر کۆمپانیای کۆڕەک ئەم دوو مەرجە بەجێبهێنێت، ئامادەم بیگێڕمەوە بۆ کارکردن، بەڵام ئەگەر ئەم هەنگاوە نەنێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانم ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی کارەکانی بدەم.”

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this