عێراق له‌ چاوه‌ڕوانى قه‌یرانێكى ئابوورى نوێدایه‌

0
2631
دراوى 10 هه‌زارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید
بە وتەی بەرپرسانی حكومەتی عێراق بۆ كەمكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی كە لە بودجەی گشتی عێراق و هاوكات كەمكردنەوەی هەڵئاوسان دروستبووە، حكومەتی عێراق بیری لە خستنەبازاڕی دراوێكی نوێی دیكە كردووەتەوە، پسپۆڕێكی ئابووریش ئاماژە بە لێكەوتە باش و خراپەكانی ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراق دەكات.

فاروق غەفور، پسپۆڕی بواری دارایی و ئابووری بە SNNی راگەیاند: “ئامانج لە گۆڕینی دراو لەڕووی ئابوورییەوە چەندین لێكەوتەی باش و خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت كاتێك هەر حكومەتێك بە وەها كارێك هەستێت، ئەوەشی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە كە بەنیازە وەها كارێك بكات، بۆ هاووڵاتییان سوودی دەبێت بەو پێیەی كە پارەی دەستی هاووڵاتییان زیاد دەكات، بەڵام لەبەرامبەردا بۆ حكومەت زیانی دەبێت، چونكە ئەگەر دراوە نوێیەی كە دەریدەكات بە قەبارە و بڕی كەم نەبێت، هەروەها نەخرێتە بواری وەبەرهێناوە ئەوا هێندەی دیكە هەڵئاوسان دروستدەبێت”.

وتیشى: “زۆربوونی هەڵئاوسان دۆخی ئابووری وڵات هێندەی دیكە تێكدەدات، هاوكات لە بواری بازرگانی نێودەوڵەتی و بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دراوی بیانی كاریگەری خراپی دەبێت، چونكە هەمیشە لەكاتی دەركردنی هەر دراوێكی نوێدا بەهاكەی لە دەرەوە دادەبەزێت لەبەرامبەریشدا دەبێت بڕێكی زیاتر پارە دابینبكرێت بۆ هاوردەكردن، لەگەڵ ئەوەشدا تێچووی ناوخۆیی زیاد دەكات، بەوجۆرەش لە هەردوو بارەكەدا حكومەت گرفتێكی دیكە بۆ خۆی زیاد دەكات و كاریگەری درێژخایەنی دەبێت لەسەر ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان”.

ئەو پسپۆڕەی بواری دارایی و ئابووری ئەوەشی خستەڕوو: “زۆر گرنگە بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی عێراق زۆر بە هەستیارییەوە دەست بۆ ئەم بابەتە ببەن، چونكە بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەی گشتی خستنەبازاڕی دراوی نوێ‌ چارەسەر نییە، چونكە بۆخۆشیان دەزانن كە ئابووری عێراق ئابوورییەكی جێگیرنییە و ئەگەر ئەم كارەش بكرێت ئابووری عێراق تووشی ئیفلیجی تەواوەتی دەبێت”.

وتەكانی ئەو پسپۆڕەی بواری دارایی و ئابووری لە كاتێكدایه‌ كە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە (سیولە) دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواكەوتووە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this