نەخۆشێک لەناو نەخۆشخانەیەکی هەولێردا زیندانیکراوە

0
2462

SNN-عەلی حەمە سەعید
لە بەرامبەر پێنەدانی پارەی تێچووی نەشتەرگەری و دەرمانی چارەسەرییەكانی بەهۆی زیادكردنی كرێی تێچووی نەشتەرگەرییەكەیەوە، ماوەی هەفتەیەكە نەخۆشێك لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانی شاری هەولێر ڕێگەی پێنادرێت نەخۆشخانە جێبهێڵێت و داوای 18 هەزار دۆلاری لێدەكرێت لە بەرامبەر رێگەدان بە جێهێشتنی نەخۆشخانەكە.

ڕزگار محەمەد، هاوەڵی (ئیسرا محەمەد) كە ماوەی دوو هەفتەیە لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانی شاری هەولێر نەشتەرگەری بۆرییەكانی هەناسەی بۆ ئەنجامدراوە بە SNNی ڕاگەیاند:  ئەم نەخۆشەی ئێمە سەرەتا هاتینە ئەم نەخۆشخانەیە وابڕیار بوو كە بە بڕی 13 هەزار دۆلار نەشتەرگەری بۆ ( ئیسرا) ئەنجام بدرێت ئێمەش سەرجەمی پارەكەمان ڕادەستی ئیدارەی نەخۆشخانەكە كرد، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەكە رێگەیان پێنەداین هیچ خواردنێك لە ماڵی خۆمان یان لەدەرەوە بهێنین بۆ ئەوەی هەر لە نەخۆشخانە لەسەر حسابی خۆمان خواردن و پێداویستیەكانی دیكە بكڕین و هەروەها ڕێگەشیان نەدا هیچ كەسێك سەردانمان بكات، ئەمەش وایكرد كە تێچووی نەشترگەرییەكە زۆر زیاد بكات و بگاتە 18 هەزار دۆلار.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا باری تەندروستی نەخۆشكەمان جێگیرە و پێویستی بە مانەوە نەماوە لە نەخۆشخانە، بەڵام ڕێگەمان پێنادرێت نەخۆشكە ببەینەوە ماڵ و نەخۆشخانەكەمان بۆ كراوە زیندانێك هەتا ئەوكاتەی بڕی ئەو 18 هەزار دۆلارە دەدەینە ئیدارەی نەخۆشخانە، بۆ ئەومەبەستە ئێمە داوامان لێكردوون كە بەشێوەی قیست یاخود وەسڵێكمان پێبدەن كە تیایدا دوای ئەو بڕە پارەیمان لێدەكەن بەڵام ئەوەشیان لەگەڵدا نەكردوین.

هاوەڵی ئەو نەخۆشە ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار لە وەزارەتی تەندروستی و ئیدارەی پارێزگای هەولێر نەهاتوون بەدەم كێشەكەمانەوە، بۆیە داوا دەكەین چیتر لەوە زیاتر ڕێگە نەدرێت ئیدارەی ئەم نەخۆشخانەیە ڕامان بگرێت و بێن بەدەم چارەسەركردنی كێشەكەمانەوە.

بۆوەرگرتنی بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانSNNپەیوەندی بە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و ئیدارەی پارێزگای هەولێر كرد بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر ئەو بابەتە هیچ قسەیەك بكەن، هاوكات ناوی نەخۆشخانە ئەهلیەكەش لای SNN پارێزراوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this