رێزان شێخ دلێر “كشانەوەی رەوتی سەدر لە کاری سیاسی مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر حزبەکان”

0
794

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی ڕێبەری باڵای رەوتی سەدر كشانەوەی ڕەوتەكەی لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق ڕاگەیاند، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە بەوەدەكات كشانەوەی ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەكان مەترسییەكی گەورە لەسەر حزبە سیاسییەكانی دیكەی عێراق دروستدەكات و سەرەتایەكیشە بۆ داخستنی هەڵبژاردن بۆ ساڵی 2022.

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی ڕەوتی سەدر بەگشتی و خودی ( موقتەدا سەدر) خاوەن جەماوەر و پێگەی زۆر گەورەو بەهێزن لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بێگومان كشانەوەیان لە هەڵبژاردنەكان كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە داهاتووی كاری سیاسی لە عێراق و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، چونكە لە ئێستادا كە ڕەخنەكان ئاراستەی ڕەوتی سەدر دەكرێن بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، لەبەرامبەردا سەدرییەكان ئەمە بە پیلان دەزانن دژ بەخۆیان بۆیە بڕیاریانداوە لە كاری سیاسی بكشێنەوە و سەیری گۆڕەپانەكە بكەن بزانن بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەو پێگە فراوانە و جەماوەرە زۆرەی كە سەدرییەكان هەیانە لەحاڵەتی پاشەكشەی تەواوەتیان لە كاری سیاسی و بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردنەكان، مەترسی گەورە بۆ حزبەكانی دیكە دروستدەكەن چونكە لەحاڵەتی پێكهێنانی هەر حكومەتێك  بەبێ‌ بەشداری سەدرییەكان ئەوا بەردەوام خۆپیشاندانی جەماوەری لە ئارادا دەبێت ئەوەش وادەكات عێراق هیچ سەقامگیرییەك بەخۆیەوە نەبینێت و ئایندەی ئەو حزبانەی كە حكومەت پێكدەهێنن بەرەو چارەنوسێكی نادیار ببات.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەشكردەوە، كشانەوەی ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق پەیامێكی ڕوونی تێدایە كە ئەویش بریتیە لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەو وادەیی كە دیاریكراوە و دواخستنی بۆ ساڵی 2022، چونكە سەدرییەكانیش لەوە دڵنیا بوونەتەوە كە هێشتا هێز و چەك بەدەست حزبەكانەوەیە و بازنەكانی هەڵبژاردن لەلایەن حزبەكانەوە قۆرخكراوە و بە دڵی خۆیان ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەمە پێشهاتێكی مەترسیدارە و هێندەی دیكە عێراق ڕووبەڕووی كێشەوگرفت و مەترسی تێكچوونی بارودۆخەكە دەكاتەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this