دەزگای لوتکە: حکومەتی عێراق و هەرێم هاوکاری گەڕانەوەی کۆچبەرانیان نەکردووە

0
832

SNN

سەرۆکی دەزگای لوتکە رايگەياند: “نە حکومەتی عێراقی نە حکومەتی هەرێم هیچ کامیان هاوکاری گەڕانەوەی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان نەکردووە، ئەوەی هەیە تا ئێستا هێڵەئاسمانیەکانە کە بلیتی فڕۆکەیان بە بێ بەرامبەر بۆ دابيندەکەن”.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە دەنگی ئەمريکای راگەياندووە: “ئێمە داوامانکردووە هاوکاری ماددی ئەو هاووڵاتیە کۆچبەرانە بکرێت تا بتوانن ژیانی خۆیان جارێکی تر ڕێکبخەنەوە و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا چونکە زۆربەیان هەرچییان هەبووە پێش ڕۆیشتن فرۆشتوویانە و لەو ڕێگایە دایانناوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوە نەکراوە، دەشڵێت” لەسەرەتادا ژمارەی ئەو کەسانەی دەیانویست بگەڕێنەوە زۆر زیاتر بوو لەوەی ئێستا هەیە بەڵام کەس نەهات بەدەمیانەوە”.

سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنی ئەو هاووڵاتيانە کە بەشێک لە بەرپرسان بوونی پەکەکە لە هەریم بە هۆکار دەزانن، ئاری جەلال دەڵێت “هەر ناوچە و هۆکاری خۆی هەیە بۆ کۆچکردن ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ڕوونە لای هەموو کەس و هەموو دنیا نەبونی هەلیکار و بێ کاری و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، نەبونی مووچە و بێ ئاوی و بێ کارەباییە، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک کۆچ بکات و بۆ شوێن و ژیانێکی شایستەتر، من نازانم کەسێک لە سلێمانی یا هەولێر کۆچ بکات چ پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە؟”.

ئاری جەلال دەربارەی ڕێژەی پەنابەران وتی” بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتووە نزیکەی حەوت هەزار پەنابەر لەسەرتاسەری بیلاڕوسیا هەن کە زۆرترینیان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانن، لەو ژمارەیەش سێ-چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنورن، لەماوەی ئەمساڵی ڕابردوش نزیکەی پێنج هەزار کۆچبەر توانیوییانە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا لە کەمپەکانی پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیادان. ”

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی دەزگای لوتکە بەرپرسیارێتی ژیانی ئەو کۆچبەرانەی خستە ئۆباڵی بیلاڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا، لەو ڕووەوە باسی لەوەکرد: ” بەشێوەیەکی سەرەکی بیلاڕوسیا بە بەرپرسی یەکەم دەزانین کە ئەو ژمارە زۆرە ڤیزەی داوە لەکاتێکدا زانیویەتی بە نایاسایی ئەم کەسانە کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا لە وڵاتەکەیەوە، دووەم هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە بەرپرس دەزانین لە ژیانی و سەلامەتی ئەو کۆچبەرانە. “

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this