قوباد تاڵەبانی: قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا دەست پێدەکات

SNN
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سێلێست واڵندەر یاریدەرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە وێستگەیەکی گرنگی دیکەیە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە چاکسازییەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگە تا ئەوکاتەی هێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی دەبێتە هێزێکی تۆکمەتر و رێکخراوتر. ستایشی ئەمریکاشی کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە تەورێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی هاوپەیمانی نێوان کورد و ئەمریکا و بەهێزترکردنی هاوپەیمانێتییەکە. جێگری سەرۆک وەزیران بە گرنگییەوە باسی لە ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارتی پێشمەرگە کرد و ئاماژەی بەوەشدا ئەم لێکتێگەیشتنەی ئەمڕۆ ئیمزا کرا کاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەمڕۆ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆکرا.
More News
-
ترەمپ: تواناکانی ئێران کەمیکردووە
9 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



