“خه‌ڵكى عێراق شایه‌نى خزمه‌تى زیاتره‌ له‌وه‌ى كه‌ بۆى كراوه‌”

0
304

SNN
وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، خه‌ڵكى عێراق شایه‌نى خزمه‌تى زیاتره‌ له‌وه‌ى كه‌ بۆى كراوه‌ و ده‌شڵێت: “سودانی كەسێكە كە هیچ رق و كینه‌یه‌كى بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان نییە”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى تشرینى دووه‌م، له‌میانى به‌شداركردنى له‌ یه‌كێك له‌ پانێڵه‌كانى دیدارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست وتى: “ئێمه‌ هیوادارین حكومەتی نوێی عێراق راستگۆ بێت‌ و بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات. دەشبێت هەموومان پشتگیری لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بكەین، چونكە كەسێكی بە ئەزمونە، لە چەندین وەزارەت‌ و دامەزراوەی جیاجیای فیدراڵی ئیشیكردووە”.

له‌باره‌ى بیروبۆچوونى سوودانى له‌سه‌ر كورد رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، “سودانی كەسێكە كە هیچ حەقدێك‌ و تۆڵەیەكی بەرامبەر بە عێراقییەكان‌ و هەرێمی كوردستان نییە”.

به‌ وته‌ى وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم “ئه‌وان باشترین پەیوەندییان لەگەڵ سودانی هەیە، ئەوپەڕی پشتگیری كراوە‌ و پشتگیری دەكرێت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە تا ئەو ساتەی پابەندبێت بەو بەڵێن‌ و رێككەوتنانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا كراوە، زۆرجاریش دەبینین كەسێك كە دێتە سەر كورسی سەرۆك وەزیران ئێمە دەڵێین دۆستی ئێمەیە، بەڵام لە دەرەنجام ئەو دۆستەی كە زۆر نزیكی ئێمە بووە زۆرترین ئەزیەتی ئێمەی داوە، هیوادارین سودانی تەجاوزی ئەم كێشەیە بكات.”.

له‌باره‌ى خاڵى لاوازى سه‌رۆكوه‌زیرانى نوێ، وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم وتى: “خاڵی لاواز ئەوەیە خودی سەرۆك وەزیران خاوەنی كوتلەیەكی سیاسی بەهێز نییە لەناو پەرلەمان، ئەمە یەكێكە لە ئاڵنگارییە گەورەكان كە رووبەڕووی سەرۆك وەزیران دەبێتەوە.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، “راستە سودانی ئەو پەیوەندییە دێرینەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام لە دەرەنجامی ئەو ساڵانەی كە وەزیرو پەرلەمانتار بووە، ئێمە هەستمان نەكردووە كەسێكی دژی هەرێمی كوردستان بێت”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this