
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
SNN
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رۆژی شەهیدانی یەکێتی پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، تۆماری خەباتی چل وحەوت ساڵەی یەکێتیی و شۆرشی نوێی گەلەکەمان، لەیەکەم شەهیدەوە تا دواشەهید تۆمارێکی پڕ لە شانازی بێ بڕانەوەی یەکێتییە کە نەخشەی سەرتاسەری نیشتمانی گرتۆتەوە.
کەس وکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
لەم رۆژەدا بۆ یادی ئەو هاوخەبات و هاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسی سەدامیدا بە سەربەرزیی و بەدەم دروشم و سرودەوە چونە بەر پەتی سێدارە، یان لەسەنگەرەکانی بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایە بەر گولەی دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و رێزگرتن دادەنوێنین .
لە مێژووی پڕ لە خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەموو رۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەهید،لە بەخشین و گیانبازیی رۆڵە و کەسوکارو هاوخەبات و هاوسەنگەرانمان ،بەڵام کە رۆژێکی وەک 21 ی تشرینی دووەممان دیاری کردوە بە ترۆپکی شەهادەت یادی لە سێدارەدانی خاڵە شیهاب و هاوڕێکانێتی، ئەوان لەسەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کردو دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) یان داهێنا، ئیتر لەو رۆژەوە لەسەنگەری بەرگری لە ناوچە رزگارکراوەکان، لە داستان ونەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان لە راپەڕین و پرۆسەی ئازادی عیراق و لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان، سەدان وهەزاران رۆڵەی ئەم گەلە چونەتە نێو کەژاوەی شەهادەتەوە و لەم دەفتەری پڕ لەشانازییەداهەمووچین و توێژەکانی کوردەواری دێر و دەربڕین و گوزارشتی گیانبازییان هەیە.
کەسو کاری سەربەرزی شەهیدان
ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی رەوای گەلەکەمان و یەکێتیەکەمان، لەپێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان و نەهێشتنی سیاسەتی جیاوازی کردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان و راگرتنی تاکڕەویی و خۆسەپێنی بەسەر ئیرادەی خەڵکدا، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو خەباتەی شەهیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لە پێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی .
هەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن، بە شەهیدەکانیەوە، بۆ هەمیشە بەلێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکەینەوە.
بە سەنگی شەهیدانمان سەربەرزین و هەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی راست و رەوامان دەکەین.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
More News
-
ترەمپ: تواناکانی ئێران کەمیکردووە
11 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



