“لانینا کۆتایی دێت و سێ وەرزی وشکەساڵی لە دوای یەک بە بەهارێکی تەڕوتوشی دەستپێدەکات”

0
1248

SNN-

خالید سلێمان، نوسەر و ڕۆژنامەوانی تایبەتمەند بە بواری ژینگە دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەکانی زانایانی بەڕێوەبردنی نیشتمانیی بۆ زانستی زەریاکان و بەرگەهەوا لە ئەمریکا، کۆتایی دیاردەی لانینا(La Niña) نزیک بووەتەوەو ئەمەش وادەکات سێ وەرزی وشکەساڵی لە دووای یەک بەبەهارێکی تەڕوتوشی دەست پێکاتەوە. زاناکانی مەزەندەی ئەوە دەکەن ئەم کۆتاییهاتنەی لانینا لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا ببێتە گۆڕانکای ئاوهەواو بەهاری داهاتووش بۆ هەموو دنیا باراناوی بێت.

خالید سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سێ ساڵی ڕابوردوودا پلەی گەرمای ئاو لە زەریای هێمندا، لە خواروی موعەدەلی ساردییەوە، بووە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ڕێژەی دابارین لەسەر ئاستی هەموو دنیا، بەڵام بەگوێرەی چاودێریی و توێژینەوەی زانایان، دیاردەکە بە ڕێژەی71% لە کۆتاییدایەو لەمانگی شوباتەوە وەرزێکی دابارینی باش دەست پێدەکاتەوە.

دەشڵێت:”جێگەی سەرنجە کە بەدەگمەن ڕوویداوە دیاردەی لانینا بۆ سێ وەرز بەدووای یەکدا بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوەی لە کەشەهەوادا ڕوودیاوەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی و ئاوی زەریاکان، بەلای زانایانەوە شتێکی سەیر نەبوو کە دیاردەکە بۆ سێ ساڵ بەدووای یەکدا بەردەوام بێت”.

دیاردەی (لانینا) چییە؟

بەپێی هەندێ ناوەندی زانستی تایبەت بە کەش و ئاوهەوا، دیاردەی (لا نینا) بۆ وەرزی سێیەم زاڵ دەبێت بەسەر گۆی زەویدا. ئەمەش وادەکات کە پێشبینی وەرزێکی تری وشک و کەمباران بکەین. سەنتەری پێشبینی کردنی کەش و سکوڵی کۆڵۆمبیا بۆ کەش، دەڵێن پێشتر مەزەندەی بەردەوامبوونی (لا نینا) تا زستانی داهاتوو لە ٥٦% بوو، بەڵام لە نوێترین پێشبینیدا باس لەوە دەکەن کە ئەو مەزەندەیە بەرزبووەتەوە بۆ ٧٥%.

(لانینا) شێوازێکی ناجۆرە لە کەشوهەوای ئاسایی و تیایدا پلەی گەرمی ناوچە گەرمەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن ساردترە لە پلەی گەرمای ئاسایی. ئەم کەشە ناجۆرەش کاریگەریش لەسەر کەشوهەوای جیهان بەجێدەهێڵێت.

ئەو زستانەی کە لەژێڕ کاریگەری (لانینا)دایە، لە زستانی ئاسایی وشکترە لە بەشی باشوری زەویدا، لە کاتێکدا بەشی باکوور ساردترو تەڕتر دەبێت. زۆرجار دیاردەکە بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبێت، هەندێجاریش بۆ چەند ساڵێک بەردەوام دەبێت، وەک دەبینین ئەمە ساڵی سێیەمە کە (لانینا) بەسەر کەشی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمدا زاڵەو کاریگەری بەسەر جیهانەوە بەجێهێشتووە.

لەبەرامبەر (لانینا)دا، دیاردەی (ئێل نینۆ) هەیەو بەپێچەوانەوە پلەی گەرمای ڕووکەشی زەریای هێمن ئاسایی دەبێت و پاڵەپەستۆیەکی ڕووکەشی بەرز لە ڕۆژاوای کەمەرەیی زەریاکەوە دەهێنێت. لەم کاتەشدا ڕێژەی شێ و دابارین ئاسایی دەبێت.

وەک هەمووان دەزانین و لە زانستدا خوێندوومانە، ئەگەر بەستەڵەکەکانی سەر زەوی ئەو ڕۆڵە ببینن کە فرێزەری ساردکەرەوە(سەلاجە) دەیبینێت و ناهێڵێت ئامێرەکە تێکبچێت، ئەوە زەریاکان ڕێکخەری سەلاجەو فرێزەرەکەن، واتە ڕێکخەری کەشی سەر زەوین. هەر تێکچوونێک لە سیستمی ئەم رێکخەرە سروشتییەدا، دەبێتە هۆی تێکچوونی کەشی سەر زەوی.

پێشبینییە زانستییەکان بەدووری نابینن دیاردەی لانینا تا بەهار بەردەوام بێت و بەم شێوەیەش کاریگەری لەسەر کۆی کەشوهەوای جیهان دروستدەکات. هەڵبەتە کاریگەرییەکان تایبەتمەندی ناوچەییان هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەیەکەوە نزیکن، دیارترینیان کەمیی دابارینە بەتایبەتی لە ناوچە کەمەرەیی و نیوە کەمەرەییەکاندا.

وەرزێکی تری وشک، کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بەسەر ڕێژەی دابارین و سەرچاوەکانی ئاوەوە لە جیهاندا. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە هەموو شوێنێکی تر زیاتر کاریگەر دەبێت. دوو وەرزی وشکەساڵیی بەدووای یەکدا پاڵەپەستۆیەکی زۆریان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی دروستکردوە، ناوچە گوندنشینەکان بەتایبەتی زیانمەند بوون و وەرزێکی تر سێیەم، ڕووبەڕووی واقعێکی سەختیان دەکاتەوە.

دەکرێ هەموو ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بەکار بگیرێتە بەر، بەتایبەتی وەبەرهێنان لەو بڕە دابارینەی هەیە، تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت. جاران لە لادێکانی کوردستاندا شتێک هەبوو ناوی (هەوراو) بوو، چاڵێک بوو بۆ گلدانەوەی بارانی بەهاران. هەڵبەتە ئەو کاتە ڕێژەی بەهەڵمبوون کەمبوو، لەمڕۆدا هەوراو بەرگەی چەند ڕۆژێک ناگرێت و ئاوەکەی دەبێتە هەڵم، بۆیە دەکرێ لادێنشینەکان بیر لە دروستکردنی هەوراوی ژێرزەمین بکەنەوەو لە شوێنێکی وادا کە خاک و خۆڵەکەی فشەڵ نەبێت و توانای گلداندەوەی ئاوی هەبێت بۆ هاوین. کەسانی پسپۆرو شارەزاش لە دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا دەتوانن لەمەیاندا یارمەتیدەری دانیشتوان بن لە دیاریکردنی شوێنی هەوراوەکاندا.

ئەوەی تێبینی دەکرێت حکومەت لە دوو ساڵی رابووردودا پلانێکی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی نەبووە، تا ئەم چرکەساتەش کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا بەشێک نین لە بیرکردنەوەی زۆربەی دەسەڵاتدارانی کورد. دامەزراوەکانی بواری سەرچاوەو دەرامەتە سروشتییەکانیش، بەشی ئەوەندە دەسەلات و پلانیان پێیە کە حکومەت دابینی دەکات و بڕیاریان دەداتێ. جگە لە توانای تاکە کەسی، دامەزراوە ئەکادیمییەکانی کوردستان بەلای ئەم کێشانەدا ناچن، لە کاتێکدا گەورەترین بەرپرسیارێتیی مێژووییان دەکەوێتە ئەستۆ.

لەپاڵ ئەم بێباکییەی حکومەت و وەرزی سێیەمی (لانینا)دا، باشترە دانیشتوانی لادێکان هەوراوی ژێرزەوی بچووک دروست بکەن و هیچ نەبێت بڕێک ئاو بۆ وەرزی تینوێتی گلبدەنەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this