شارەزایەکی کەشناسی: ئەمساڵ شەپۆلی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان و عێراق ناگرێتەوە

0
456
دیمه‌نێكى خۆڵبارین له‌ سلێمانى | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید

شارەزایەكی بواری كەشناسی ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی باران بارین لە ماوەكانی ڕابردوودا لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و بیابانەكانی عێراق باریوە و هاوكات بەردەوامی ڕێژەی باران لە دوو مانگی داهاتوودا، ئەمساڵ هیچ شەپۆلێكی خۆڵبارین هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و جەختیش دەكاتەوە كە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە جارێكی دیكە شەپۆلێكی باران بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ماوەی پێنج ڕۆژیش بەردەوامی دەبێت.

شاڵاو هیدایەت، شارەزا لە بواری كەشناسی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوەی ماوە لە وەرزی دابارین لە دوو مانگی داهاتوو هیچ شەپۆلێكی خۆڵبارینی تیادا ڕوونادات، ئەگەریش هەبێت زۆر بەلاوازی ڕوودەدات، ئەوەش بەهۆی ئەو باران بارینەی كە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و هەروەها ناوچە بیابانەكانی عێراق دەبارێت، هاوكات تەنها ئەگەرێك هەیە كە لە بیابانی گەورە لە ئەفەریقا شەپۆلی خۆڵبارین ڕوو لەناوچەكە بكات، بەڵام بەهۆی دووری مەودای عێراق و بیابانی گەورەی ئەفەریقا ئەگەریش هەبێت زۆر بەلاوازی دەردەكەوێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەتوانین بەگشتی ئەوە ڕابگەیەنین كە لەمساڵدا شەپۆلی خۆڵبارین هەرێمی كوردستان و عێراق ناگرێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو ماوەیەی لەبەردەستدا ماوە لە وەرزی دابارین ڕێژەیەكی باش باران دەبارێت بەتایبەت لەم مانگە و لەمانگی داهاتووش كە دەبێتە هۆی كۆتایی هاتن بە وشكەساڵی بە هەموو جۆرەكانییەوە.

ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی ئەوەشی خستەڕوو، لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا بە دیاریكراوی لە 13ی ئەم مانگە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ و تا 18ی ئەم مانگە شەپۆلێكی باران بارینی زۆر باش ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هێندەی دیكە ئەگەرەكانی نەمانی وشكەساڵی لەسەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان ناهیڵێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this