پرۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كرا

0
360

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای هێشتنەوەی بۆماوەی نزیكەی مانگێك دواجار بەفەرمی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەكانی 2023 و 2024 و 2025 ڕەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كرا، بە وتەی ئەندامانی لیژنەی دارایش ماوەی مانگێكیان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی تەواو بە بڕگە و مادەكانی پرۆژەیاساكەدا بكرێت و پاشان بخرێتە دەنگدانەوە ئەگەر ڕەوانەی حكومەت نەكرێتەوە.

بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی كە تایبەت دەستی SNN كەوتووە و واژۆی موحسن مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی لەسەرە ئاماژە بەناردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 تا 2025 دەكات بەشێوەی بەپەلە، ئەوەش بەمەبەستی گفتوگۆكردن و لەسەر بڕگەو مادەكانی ناو پرۆژەیاساكە.

د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: دوای گەیشتنی پرۆژەیاسای بوجەی گشتی عێراق بۆ لیژنەی دارایی، لەماوەی مانگێكدا ئەندامانی لیژنە خوێندنەوە بۆ بڕگەو مادەكانی ناو پرۆژەیاساكەدەكەین و ئەگەر هیچ گرفتێكی سەرەكی لە پرۆژەیاساكەدا نەبێت پاش پێداچوونەوە پاشان ڕەوانەی دەستەی سەرۆكایەتی دەكرێت بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت و پاشان پەسەند بكرێت.

د. ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: “پرۆژەیاسای بودجە رەنگدانەوەی ئەو رێككەوتنەیە كە حكومەتی عێراقی لەسەر پێكهێنراوە و بەغدا سوورە لەسەر داواكارییەكانی خۆی لەبارەی هەرێمی كوردستان كە هەولێر پابەند دەكات بە هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی كۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕكردنی نەوت و گەڕانەوەی داهاتەكەی بۆ عێراق، بۆیە ئەگەر هەردولا پابەند بەو پرۆژەیاسایەوە سودی بۆ هەردوولایەنی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەبێت”.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this