“دەمێك بوو یەكێتی هەوڵی ڕێككەوتنی هەولێرو بەغدای دەدا”

0
349

SNN-عەلی حەمە سەعید
كاردانەوەكانی تایبەت بە رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی عێراقی بەردەوامی هەیە و پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ئاماژە بەوەدەكات جێگای سەرسوڕمانە بەرپرسانی پارتی بەشانازییەوە باس لەم ڕێككەوتنە دەكەن لەكاتێكدا پێشتر هەرخۆیان پێشترڕادەستكردنی نەوتی هەرێمیان بەخەون دەزانی، جەختیش دەكاتەوە دەمێك بوو یەكێتی هەوڵی ڕێككەوتنی هەولێرو بەغدای دەدا، بەڵام بەگوێی نەكرا تابە فشاروبەناچاری نەوتەكەی ڕادەستكرد.

د. بڕیار ڕشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو ڕككەوتنەی كە بەرپرسانی پارتی و سەرۆكی حكومەت شانازی پێوەدەكەن جێگای سەرسوڕمانە چونكە هەر خۆیان بوون لەڕابردوودا ڕادەستكردنی نەوتی هەرێمیان بە بەغدا بە خەون دەزانی چونكە ڕێككەوتنی 50 ساڵیان لەگەڵ توركیا واژۆكردبوو، بەڵام دواجار لەژێرفشاردا و بەناچاری پرسی فرۆشتنی نەوت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆكرا و بۆ ئەومەبەستەش سەرۆكی حكومەت سوپاسی سەرۆكی پارتی كرد وەك ئەوەی نەوتی هەرێم موڵكی تاكە كەسێك بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر دەمێك بوو یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدابوو كە ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە لەژێرفشارو بەناچاری نەكرایە، بەڵكوو بەخواست و ویستی حكومەتی هەرێم بكرایە و سەربەرزانە نەوتی هەرێم بەهاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عیراقی ئیدارە بدرایە نەك ئەوەی ئێستا زۆر بەبێ‌ دەسەڵاتانە پرۆسەی نەوتی هەرێم ڕادەستی عێراق كراو ئەگەر ئەم سیاسەتە بەردەوامی هەبێت لەداهاتوودا حكومەتی عێراق هەنگاوی دیكە دەگرێتەبەر و دەبێت هەرێمیش پابەندی هەر بڕیارێكی دیكە بێت.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی زیاتر جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە كە بەرپرسانی پارتی زۆر باس لەوە دەكەن كە ئەم ڕێكەوتنە خزمەت بە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات، لەكاتێكدا هەر ئەم بەرپرسانە بوون لەڕابردوودا ئەنجامدانی ڕێككەوتنی لەم شێوەیەیان بە مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دەزانی و بەهێڵی سور ناویاندەبرد بەڵام ئێستا بەدەستكەوت و شانازی ناوی دەبەن، لەم نێوەندەشدا لەماوەكانی ڕابردوودا تەنها هاووڵاتیان و فەرمانبەران بوونەتە قوربانی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی لەم كابینەیەدا پەیڕەودەكرێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this