د.مەحمود عوسمان: شاندەکانی هەرێم بۆ بەغدا لاوازن و فێڵیان لێدەکرێت

SNN
سیاسەتمەداری کورد د. مەحمود عوسمان باس لەوەدەکات، هەم لەلایەن عێراق و هەمیش لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە هەوڵ هەیە بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەکات ئەو شاندانەی دەچنە بەغدا لاوازن و فێڵیان لێدەکرێت، باس لەوەش دەکات ئاستی پەیوەندی وڵاتانی رۆژئاوایی لە سەرۆک و وەزیریەوە دابەزیوە بۆ باڵیۆز و کونسوڵ، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ئێران زیاتر لە ئەمریکا رۆڵی هەیە.
د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ SNN سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن هەوڵێک و پلانێک لەئارادایە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم رایگەیاند: “ئێستا دوو بابەت هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە بەغدا بڕوای بە فیدڕاڵی نییە، لە بنەڕەتیشدا بڕوایان پێی نەبووە، ڕاستە لە دەستووردا نووسراوە و ئەوانیش بە ناچاری لە بارودۆخێکی تردا واژۆیان کردووە، بەڵام بڕوایان بە سیستمی فیدڕاڵی نییە”.
“هەرێمی کوردستان بە ملیاندا هاتووە”
وتیشی: دەیانەوێت هەمیشە وەک پارێزگایەکی گەورە لە هەرێم بڕوانن. واتا بەو شێوەیە مامەڵە دەکەن، بڕوایان بە ماددەی ١٤٠ نییە، بە شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و بە فیدڕاڵی نییە. هەربۆیە هەمیشە بەوشێوەیە ڕەفتار دەکەن و جیاوازیان هەیە لەگەڵ هەرێم، ئێمە فیدڕاڵیمان دەوێت و ئەوان فیدڕاڵییان ناوێت. هەرێمی کوردستان بە ملیاندا هاتووە. کاتێک سەدام ڕووخا هەرێمەکە بوونی هەبوو و شتێکی نوێ نییە. ئەوان هیچ هەرێمێکی دیکەیان دروست نەکردووە، نە سووننە نە شیعە، چوونکە بە پێی سیستمی فیدڕاڵی دەبێت هەرێم هەبێت، بەڵام هەرێمەکان بوونی نییە. ئەمە کێشەیەکی گەورەی ئێمەیە”.
سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی دەرەکیش لە پرسی هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی هەرێم، ئەو سیاسەتمەدارە کوردە وتی، ” ئێران و تورکیاش چوونکە خۆیان کوردیان هەیە و دژی کوردن و مافی کورد بوونی نییە، زۆر هەوڵ دەدەن هەرێمی کوردستان لاواز و بچوک بکەنەوە، چوونکە بە مەترسی دەزانن لەسەر ئاسایش و هەبوونی خۆیان. تورکیا، ئێران و عێراق هەر سێکیان لەوبارەیەوە جۆرێک لە هاوکاریان هەیە، کە هەرێمەکە بچووک بکەنەوە و کێشەی کورد لە باشووری کوردستان لاوازتر بکەن”.
زۆر جار دەوترێت لە پەیوەندییەکانی بەرامبەر بە بەغدا، چیتر هەرێمی کوردستان هیچ کارتێکی فشاری بەدەستەوە نەماوە و کارتەکانی سوتاون، لەو بارەوە د. مەحمود عوسمان پێی وایە بەهێزترین کارت یەکڕیزیی لایەنە کوردستانیەکانە و زیاتر وتی، “کارتی یەکگرتنی ڕیزەکانی هەرێم، ئەوە گرنگترین کارتە کە بەدەستییەوەیەتی و دەبێت ئەنجامی بدات، کە ئەو یەکگرتنە بوونی نییە”.
“ئەوانەی ئێمە خۆش باوەڕن هەر بۆیە لەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە زۆر فێڵیان لێکردوون”
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە کە لە زیاتر لە نیو سەدەی رابردوودا لە چەندین قۆناغدا بەشداری دانوستان و گفتوگۆکان بووە لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و لە دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعسیش بۆ چەندین ساڵ وەک ئەندامی ئەنجومەنی حوکم و ئەندامی پەرلەمان بووە، پێیوایە کە جگە لە یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان هاوکات دەبێت هەوڵی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی بدەن و فێڵییان لێنەکرێت، وەک خۆی دەڵێت “لایەنی عێراقی فێڵ دەکەن، ئەوانەی ئێمە کە دەچن بۆ گفتوگۆ لەگەڵیان لاوازن و هەندێکیان نازانن ئەوان فێڵ دەکەن. ئەوانەی ئێمە خۆش باوەڕن هەر بۆیە لەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە زۆر فێڵیان لێکردوون. ڕێککەوتنەکان وردەکاری تێدا نییە و ڕێککەوتنیش کە وردەکاری تێدا نەبوو لەکاتی جێبەجێکردنی هەر یەکە و شتێک دەڵێت و بەجۆرێکی دیکە شرۆڤەی دەکەن”، هەر لەو رووەوە جەختی کردەوە، “گرنگترین کارت یەکگرتنە، کارتی دووەمیش ئەوەیە کە خەڵکی پسپۆڕ، شارەزا و ئاگادار لە دۆخی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆکان بەشدار بن، بۆ ئەوەی فێڵیان لێنەکەن”.
سەبارەت بە دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کە پێکهاتبوو لە سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی د. مەحمود عوسمان پێی وایە، “باشە کە چوون بۆ بەغدا و دەبوو زووتر بچن، خۆی لە بنەڕەتدا بابەتەکە لە نێوان هەرێم و بەغدا سیاسیە یان بە سیاسی کراوە، هەربۆیە دەبوو لەسەرەتاوە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی سەرقاڵی ئەو پرسە بن. پسپۆڕ و شارەزا لەگەڵ خۆیان ببەن، بەڵام بۆ ئەوانی جێنەهێڵن، ئێستاش کە چوون هەر باشە، بەڵام بەدڵنیاییەوە زۆر درەنگ چوون، ئەوەشی کە کراوە ئەوە نییە کە ئەوان داوایان کردووە، ئەوان داوایان کردووە شەش مانگ، مانگی 800 ملیار دینار رەوانە بکرێت، ئەمان سێ مانگیان داوە مانگی 700 ملیار دەنێرن و مانگ بە مانگیش دەیدەن و ڕەنگە مانگی یەکەم بیدەن و لە مانگی دووەمدا کێشەیەک دروست بکەن. هەر بۆیە ئەو چوونە باشە، بەڵام زۆر کەموکوڕیشی تێدایە”.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا ئەو سیاسەتمەدارە کورد ئاماژەی بەوە کرد، لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی گرنگی پرسەکانی هەرێم و بەغدا دابەزیوە و بۆ بابەتی نێوەندگیری لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان “هەوڵیان هەیە، بەڵام هەوڵەکەیان لاوازە و وەک ڕابردوو نییە، لە ڕابردوودا بۆ نموونە بەرپرس، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک سەردانی هەرێمی دەکرد، بەڵام ئێستا وەک ڕابردوو نییە، ئێستا کەوتووەتە سەر ئاستی باڵیۆز و کونسوڵ، هەوڵ دەدەن ئەو کێشانە لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت و ڕەنگە گفتوگۆ لەگەڵ هەردوولا بکەن، بەڵام زۆر ناچنە نێو وردەکارییەوە، هەوڵیان هەیە بەڵام زۆر لاوازە”.
“وڵاتانی رۆژئاوایی 20 ساڵە کات بۆ عێراق دادەنێن و و تاقەتیان نەماوە”
لەبارەی هۆکاری ئەو لاوازبوونەی رۆڵی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپیشەوە وتی، “هۆکارەکەی ئەوەیە کە 20 ساڵە کات بۆ عێراق دادەنێن و سەرقاڵی عێراقن و تاقەتیان نەماوە، ئێستا گرنگی بە دۆخی عێراق و دۆخی کورد و هتد وەکوو ڕابردوو نییە، چوونکە ئەوە 20 ساڵە هەوڵ دەدەن، بەڵام دۆخی عێراق هەر خراپە و کورد هەر یەکگرتوو نییە، ئێستا لە جیهاندا ڕووداوی گەورە هاتووەنەتە ئاراوە لەوانەش ئۆکرانیا و کێشەکان لەگەڵ رووسیا و چین و لە ئەوروپاش شتی زۆر گەورەتر هەیە. هەربۆیە گرنگیدان بە پرسەکانی عێراق و کورد کەمتر بووە”.
“لە عێراقدا رۆڵی ئێران لە ئەمریکا زیاترە”
هەر دەربارەی رۆڵی وڵاتانی دەرەکی لە کایەی سیاسی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەو سیاسەتمەدارە کوردە وتی، “ئەو دەوڵەتانەی بتواننن ڕۆڵ ببینن، تەنیا ئەمریکا و ئێرانن، ئەمریکا ڕۆڵی لاوازە و ئێران ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و زیاتر دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەغدا هەبێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئێرانیش لەگەڵ بەغدا و شیعەکانە، هەر بۆیە ئەگەر کاریگەریشی هەبێت زۆر بەلای کوردا دایناشکێنت و زیاتر بەلای حکومەتی بەغدا دایدەشکێنێت و ڕۆڵێکی ئەوتۆ بۆ کورد بوونی نییە و بۆ بەرژەوەندی کورد ڕۆڵ کەم هەیە”.
“لەناو کورددا ڕاوێژ قەدەغەیە”
لە کۆتایی سەبارەت بەوەی ئایا سەرکردایەتی سیاسی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی و پرسەکانیان لەگەڵ بەغدا راوێژ بەکەسانی بە ئەزمون و پسپۆڕ دەکەن لەو بوارەدا د. مەحمود عوسمان وتی، “نەخێر لەناو کورددا ڕاوێژ قەدەغەیە و کەس ڕاوێژ لەگەڵ کەس ناکات”. هەر سەبارەت بەوەشی کە ئایا هەوڵی داوە ئەو ئەزمونەی خۆی و تێبینیەکانی بگەیەنێت بە بەرپرسانی حکومەت بۆ ئەوەی لە دۆخی پڕ تەنگەژەی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم سوودی لێوەربگرن، وتی: “هەوڵمان داوە و ڕاوبۆچوونی خۆمان داوە، لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە و بە نهێنیش هەوڵمان داوە، هەر ئەوندەش دەکەوێتە سەر شانی ئێمە، قسەی خۆت دەکەیت. سوودی لێوەردەگرن یان نا ئەوە بابەتێکی دیکەیە”.
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
22كاتژمێر لهمهوپێشعەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
23كاتژمێر لهمهوپێش
هەواڵی زیاتر
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
26 خولهك لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
58 خولهك لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
22كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
26 خولهك لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
58 خولهك لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021








