بڕیارەكەی پارێزگاری هەولێر بە داخستنی پاڵاوگەكانی نەوت تەنها لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە

0
285

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ ئەوەی ماوەی نزیكەی 10 ڕۆژە پارێزگاری هەولێر بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی نەوتی دەركردووە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام ئەم بڕیارە تا ئیستا بەكردەیی جێبەجێنەكراوە و لە چوار چیوەی قسەدا ماوەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش جەخت لەوەدەكەنەوە كە بەهۆی ئەوەی بەرپرسی باڵای پارتی لە پشت ئەو پاڵاوگانەوەن داخستنیان كارێكی مەحاڵە.

سوبحان محەمەد، چالاكوان لە بواری ژینگە بە SNNی ڕاگەیاند: پێمان سەیرە لە ئێستادا بابەتی داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی كە دەیان ساڵە لەهەولێر دوكەڵی ژەهراوی دەكەن بە قورگی هاووڵاتیاندا دەهێندرێتە بەرباس و بڕیاری داخستنیان بۆ دەردەچێت، لەكاتێكدا ئەگەر بەرپرسانی هەولێر مەبەستیان بووایە بەداخستنی پاڵاوگەكان دەبوو 10 ساڵ پێش ئێستا رێگەیان نەدایە بەكردنەوەی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەندەی بەدواداچوونمان كردووە تا ئێستا ئەو بڕیارەی پارێزگاری هەولێر بە كردەیی نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە دڵنیاین كە وروژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتەدا بۆ موزایەدەی هەڵبژاردنە و بە پاڵپشتی بەرپرسانی باڵا ڕێگە نادرێت ئەو داهاتە زەبەلاحەی دەستیان دەكەوێت وشك بكرێت بۆیە بڕیارەكە تەنها لەچوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە.

پێشتریش د.شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی بە SNNڕاگەیاندبوو، كاتێك لە پەرلەمان بووین چەند جار بابەتی بوونی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە و مەترسییەكانمان ئاراستەی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كردووە بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی باڵای پارتی لەپشت دامەزراندنی پاڵاوگەكانەوەن و داهاتێكی خەیاڵییان دەستدەكەوێت و ئەو داهاتەش ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت، بۆیە هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار نەهاتووە بەدەم هۆشدارییەكانمانەوە و درێژە بەكاركردنیان دراوە و هیچ گرفتێكیان نەبووە و لەداهاتووش گرفتیان نابێت و ئەوەی دەوترێت تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this