ئه‌و كارتى فشارانه‌ چین كه‌ هه‌رێم ده‌توانێت به‌رامبه‌ر حكومه‌تى ناوه‌ندى به‌كاریان بهێنێت؟

0
2277

SNN – عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: هێشتا دەرفەتێك لە بەردەم حكومەتی هەرێم ماوە بۆ ئەوەی بتوانێت پشكی خۆی دەستبخات بۆ ئەم سێ‌ مانگەی داهاتوو لەو قەرزەی حكومەتی عێراق دەیكات، ده‌شڵێت: “پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ رێكبكه‌وێت”.

بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “ئەو ماددەیەی كە پەیوەندی بە كوردەوە هەیە و لە پرۆژەیاسای قەرزەكەدا تێپەڕیووە، بەجۆرێكە كە دەبێت هەرچی زووە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ دەستبە گفتوگۆكانی بكات بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن، چونكە بە گوێرەی ئەو بڕگەیەى كە دەڵێت: هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بەناردنی ئەو بڕە نەوتەی كە كۆمپانیای سۆمۆ بۆی دیاریدەكات، واتە بڕی نەوتەكە دیارینەكراوە هەروەك بڕی ئەو پارەیەش دیارینەكراوە كە حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی دەنێرێت كەواتە دەبێت رێككەوتنی لەبارەوە بكرێت ئەوەش دواین كارتە بەدەست حكومەتی هه‌رێمەوە مابێت”.

وتیشى: “هەر بەگوێرەی ئەو ماددەیه‌ى كە پەیوەندی بە كوردەوە هەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم داهاتی نا نەوتی رادەستنەكات، عێراق ناتوانێت یەك دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بۆیە ئێستاش حكومەتی هەرێم دەتوانێت پشكی خۆی دەستبخات لەو قەرزەی حكومەتی عێراق دەیكات، ئەوەش بە رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام بە مەرجی پابەندبوونی هەرێم بەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ سۆمۆ ئەنجامی دەدات”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: “ئێمەی نوێنەرانی كورد دوێنێ‌ تووشی مەوقیفێكی شه‌رمه‌زاركه‌ر بووین بەرامبەر بە پەرلەمانتارە عەرەبەكان، چونكە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەی كە بۆی دیاریكرابوو، بۆیە ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بەو سیاسەتەی ئیدارەدانی نەوت بهێندرێت لە هەرێمی كوردستان و چیدیكە فەرمانبەرانی هەرێمش بێ‌ مووچە نەبن”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this