پێش کۆبوونەوەی ئۆپیک نرخی نەوت بەرزبوویەوە

0
966

SNN

ئەمڕۆ پێنجشەممە دووبارە بەهای نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزی بەخۆیەوە بینی کە بازارگانان و وڵاتان لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەکەی ئۆپیکدان کە ئایا بەردەوام دەبن لە کەمی خستنەرووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا یاخود لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا پلانەکەیان دەگۆڕن.

ئەمڕۆ 1ی تەمموز بەهای هەر بەرمیل نەوتێکی برێنت گەیشتە 74 دۆلار و 72 سەنت هەروەها نەوتی خاوی تێکساسیش بۆ 73 دۆلار بەرزبووەوە، بەشێوەیەکی گشتی نەوتی خاوی تێکساس لە مانگی رابردوودا بەرێژەی %10 بەهاکەی زیادی کردووە، برێنتیش %8 لە مانگی رابردوودا.

یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لە مانگی رابردوودا، وەک بەرێوەبەرایەتی وزەی ئەمریکا ئاماژەی پێکرد، بۆ کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایان و پێشبینیکارانی بواری ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن، کە رەنگە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە ئۆپیک-دا بۆ نیوەی دووەمی ئەمساڵیش هەمان سیاسەت پەیڕەوی بکەن و رێژەیەکی کەم نەوت بخەنە بازاڕەوە بەمەش خواست لەسەر نەوت چەند هێندە زیاتر دەبێت و نرخەکەشی بەرزتر دەبێتەوە.

لە دوای ئەو قەیرانەی کە بەسەر نەوت هات لە ساڵی پارداو دابەزینی بەهاکەی بۆ سفر دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، وڵاتانی بەرهەمهینی نەوت لە ئۆپیک بڕیاریاندا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر وڵاتێکدا بۆ 2,1 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری کردە سەر بەهای نەوت و بەرزبوویەوە، عێراقیش یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک.

وڵاتانی ئۆپیک لە ساڵیدا دووجار کۆدەبنەوە، ساڵەکە دەکەن بە دوو بەشەوە، نیوەی یەکەم و نیوەی دووەم، کە تێدا سیاسەتی خۆیان بۆ شەش مانگی داهاتوو دادەرێژنەوە و رێژەی دەرهێنانی نەوت و فرۆشتن و نرخەکەشی بۆ مانگەکانی داهاتوو دیاری دەکەن، لەگەڵ کۆکردنەوەی داهات و ئەو سودەی کە نەوت بە وڵاتانی نەوتی گەیاندووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this