ئایا دوای سێ ژەم ڤاکسین تووشی ئۆمیکرۆن دەبیت؟

کۆرۆنا لە رووسیا
SNN
پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە لەندەن ئاشکرایدەکات کە ھەزاران کەس لە بەریتانیا دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین تووشی ئۆمیکرۆن بوون.
دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو-لەندەن لە نوسینێکیدا کە لە هەژماری خۆی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی كوردستان ھەوالی یەکێک لە بەرپرسەکانی ھەرێمیان بلاوکردۆتەوە، کە دوای وەرگرتنی سێ ژەم ڤاکسین تووشی کۆرۆنا بووە، ئەمەش لای بەشێک لە ھاووڵاتیان بە شێوەیەک لێکدانەوەی بۆ كراوە، کە ڤاکسینەکان کاریگەریان نیە و مرۆڤ ناپارێزن، ئەم لێكدانەوەیەش تا رادەیەك هاووڵاتیان لە وەرگرتنی ڤاكسین ساردەکاتەوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم لێكدانەوەیەكی زانستی بۆ ئەو حاڵەتە بكەم، كە ئایا ڤاكسینەكان كاریگەریان هەیە یاخود نا.
ئەو پزیشکە بە چەند خاڵێک لێکدانەوەی زانستی بۆ کاریگەری ڤاکسین کردووە کە ئەمانەن:
1-دەشێت کەسێک دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین تووشی کۆرۆنا بێت، بە تایبەت جۆری ئۆمیکرۆن، کە لە کاتی ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیھان و کوردستان بۆتە جۆری سەرەکی کۆرۆنا. ھەزاران کەس لە بەریتانیا دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین تووشی ئۆمیکرۆن بوون.
2-زۆربەی ھەرەزۆری ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە، بە سووکی تووشی ئۆمیكرۆن دەبن، ڕێژەیەکی زۆر کەم تووشی ھەوکردنی سییەکان دەبن.
3-گرنگی وەرگرتنی ڤاکسین تەنھا لە کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون نیە، بەڵکو کەمکردنەوەی رێژەی مردنە، تاوەكو ئێستا ڤاکسینەکان رێژەی مردنیان تا ئاستێكی بەرز كەمكردۆتەوە، یەک ھەفتە دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین رێژەی ٩٠٪ تووشبووان پێویستیان بە نەخۆشخانە نامێنێت.
4-ئۆمیکرۆن زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، بەڵام رێژەی ھەوکردنی سییەکان لە ئۆمیكڕۆندا زۆر کەمترە بە بەراوردکردن بە جۆری دەلتا، بەلام دەبێت ئەوە بوترێت بەشێکی نەخۆشەکان پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت بە تایبەت ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، دیارە ھەموومان ئاگاداری دۆخی ئەوروپاو ئەمریکاین، کە بە داخەوە خەڵکانێکی زۆر بە ھۆی کۆرۆناوە دەمرن.
ئاماژەشی بەوەداوە: دیارە ھەموو کەس ئەتوانێت ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرێت.








